بەرهەم ساڵح و هۆشیار زێباری كاندیدی سەرۆك كۆمار دەبن

هۆشیار زێباری و بەرهەم ساڵح

یەكێتی بەرهەم ساڵح بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندیددەكات و لەلایەن پارتیشەوە هۆشیار زێباری پێشنیار كراوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار لە بەغداد بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بە فەرمی بەرهەم ساڵح-ی وەك كاندیدی سەرۆك كۆمار دیاریكردووە.

وتیشی، “پێشكەشكردنی داواكاریی خۆكاندیدكردنەكە و سیڤییەكەی سبەی لەلایەن نوسینگەی بەرهەم ساڵح-ەوە پێشكەشی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەكرێت”.

هاوكات سەرچاوەیەك لە نوسینگەی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هۆشیار زێباری، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان خۆی بۆ پۆستەكە كاندید كردووە و نوسراو و بەڵگەنامەی پێویستی پێشكەشكردووە.

پێشكەشكردنی داواكارییەكان بۆ ئەو پۆستە لەكاتێكدایە كاتژمێر 3ی پاش نیوەڕۆی سبەی پێنجشەممە دواوادەیە بۆ خۆكاندیدكردن.

دووشەممەی ڕابردوو سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە و ‏مەرجەكانیشی دیاریكرد.‏

خۆپاڵاوتن بۆ ئەو پۆستە بەپێی ماددەكانی (2 و 3)ی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2012 (یاسای ئەحكامی ‏خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار) دەبێت، ئەنجومەنی نوێنەران داوای لە خوازیاران، ‏ئەوانەی مەرجە دیاریكراوەكانیان تێدایە، كرد داواكاریی نووسراو پشتبەست بە بەڵگەنامە ‏فەرمییەكان كە بوونی مەرجەكان بسەلمێنێت، لەگەڵ كورتەی ژیانیان لە ڕۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە پێشكەش بە ‏ئەنجومەنی نوێنەران بكەن.‏

پۆستی سەرۆك كۆمار كە پشكی كوردە و بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو لەلایەن كاندیدی ‏كورد و لەكوردیشدا لەلایەن یەكێتی پڕكراوەتەوە، بۆ ئەم خولەش ‏لەلایەن یەكێتی-یەوە بەرهەم ئەحمەد ساڵح دووبارە كاندید كراوەتەوە.‏

دووشەممەی ڕابردوو هۆشیار زێباری له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌رباره‌ى ‌بوونی كاندیدی پارتی بۆ ‏پۆستی سه‌رۆك كۆمار، جه‌ختى له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، “نه‌خێر كاندیدمان نابێت و بۆ ئه‌و ‏بابەتەش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان قسه‌ده‌كه‌ین”.‏

زێباری چه‌ندین پۆستی باڵای لە عێراقدا هەبووە، كە دوایینیان پۆستی وەزیری دارایی بوو لە ساڵانی 2014 تا 2016، بەڵام لە 21ی ئەیلولی 2016 بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی په‌رله‌مانی عێراق كرا و به‌تۆمه‌تی “گه‌نده‌ڵی و نه‌بونی وه‌ڵامی پێویست بۆ پرسیاری په‌رله‌مانتاران”، متمانه‌ی لێوه‌رگیرایه‌وه‌ و له‌و پۆستە دوورخرایەوە.

بابەتی پێشتر

یانەیەکی دیكەی شەوانە لە هەولێر داخرا

بابەتی دواتر

كەشناسیی هەرێم: باران و بەفربارین دەستپێدەكاتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

یەكێتی و گۆڕان كۆدەبنەوە

بڕیارە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكێتی و گۆڕان لەسەر ئاستی باڵا لە سلێمانی كۆببنەوە. بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، كاتژمێر…
Total
0
Share