لە درێژەی ئەو هەڵمەتەی لە هەولێر دەستیپێكردووە تایبەت بە یانە و شوێنەكانی ئاهەنگی شەوانە، یانەیەكی دیكە داخرا.
قائیمقامیەتی قەزای ناوەندیی هەولێر بڵاویكردەوە، لە درێژەی ئەو هەڵمەتەی دەستیپێکردووە بۆ داخستنی ئەو شوێنانەی سەرپێچییان هەیە و پابەندی ڕێنماییەکان نین، ئەمشەو لەلایەن مەفرەزەکانی پۆلیسی شارەوانییەوە یانەیەکی دیكەی شەوانە داخرا.
دەشڵێت، ئەو هەڵمەتە بەردەوام دەبێت و ئەوانەی سەرپێچی یاسا و ڕێنماییەکان دەکەن ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبنەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوەكە هەڵمەتەكان لە چێوەی ئەو بڕیارەدایە كە لە پارێزگای هەولێر دەرچووە بەمەبەستی ڕێکخستنی کاری ڕێستۆرانت، هۆڵ و یانە شەوانەکان.
شەوی ڕابردوو یانەیەكی هاوشێوە داخرا، دەربارەی ئەو هەڵمەتە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند، دوای کۆکردنەوەی زانیاریی تەواو بە بوونی شوێنێک لەناو شاری هەولێر کەوا چەندین کاری نایاسایی و دوور لە ڕێنماییەکان و بەدەر لە ئادابی گشتی و پێچەوانەی یاسا و ڕێساکانی تێدا ئەنجام دەدرێت، هەڵمەتێكیان ئەنجامداوە.
وتیشی، هێزەکانی پۆلیسی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دوێنێ درەنگانی شەو تاکو بەرەبەیان لەو شوێنە (102) پیاو و (77) ئافرەت و خاوەنی شوێنەکەیان دەستگیركردووە.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە هەر لەو هەڵمەتەدا دەست بەسەر بڕێکی زۆر کەلوپەلی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر و کەرەستەی قەدەغەکراو و جۆرەها حەبدا گیراوە.