گۆڕان ئاشتەوایی گشتی لەگەڵ گۆڕانخواز و دەنگدەرانی دووركەوتووی ڕادەگەیەنێت

لۆگۆی بزوتنەوەی گۆڕان

هەردوو جڤاتی نیشتمانی و گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان پڕۆژەی ئاشتەوایی گشتی لەگەڵ هەڵسوڕاو، گۆڕانخواز و دەنگدەرانی دووركەوتوو ڕادەگەیەنن و پڕۆژەیەكیش بۆ دروستکردنی دەستەی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەكە پەسەند دەكەن.

ئەمڕۆی هەردوو جڤاتی نیشتمانی و جڤاتی گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان كۆبوونەوەیەكی هاوبەشیان ئەنجامدا و لە ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆبوونەوەكەدا هاتووە، بە ھەند وەرنەگرتنی پاکێجەکانی چاکسازیی بزوتنەوەی گۆڕان و هەوڵە بەردەوامەکانی لەپێناو گۆڕانکاریکردن لە شێوازی ڕێکخستن و دابەشکردنی داهات و سامانی گشتی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، هەروەها فراوانبونی تۆڕەکانی گەندەڵی و لاوازی و کەمی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان ھۆکاری بنەڕەتین لە نەمانی متمانەی هاوڵاتیان بە دەسەڵات و سەرھەڵگرتنی سەدان گەنج و لاو و ھاونیشتیمانی.

‌‎ئاماژەشدەدەن، بزوتنەوەی گۆڕان جەخت لەسەر ئەنجامدانی چاکسازییەکی ڕیشەیی لە شێوازی دابەشکردنی داهات، فەراهەمکردنی خزمەتگوزاری، باشکردنی گوزەرانی هاوڵاتییان و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان دەکاتەوە.

‌‎سەبارەت بە دۆخی ڕێکخراوەیی بزوتنەوەی گۆڕان، ھەردو جڤاتی نیشتیمانی و گشتی دیدگایەکی هاوبەشیان پێکەوە گەڵاڵەکرد بۆ خۆڕێکخستنەوە و بەخۆداچونەوەی بزوتنەوەکە و، ڕاگەیاندنی ئاشتەوایی گشتی لەگەڵ ھەموو ئەو کەس و ھەڵسوڕاو و گۆڕانخواز و دەنگدەرانەی کە پێشتر کاریان لەگەڵ گۆڕان کردوە و ئێستا بەھەر ھۆکارێک دوورکەوتوونەوە، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە.

‌‎هەروەها، پڕۆژەی دروستکردنی دەستەی بەڕێوەبردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن هەردوو جڤاتی نیشتیمانی و گشتیەوە پەسەندکرا، کە بۆ ماوەیەکی کاتی دروستدەکرێت و ئەرکەکانی بریتی دەبێت لە ئیدارەدانی بزوتنەوەکە و پێداچوونەوە بە گوتاری سیاسی و میدیایی و ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی کۆنفرانسی نیشتیمانی. بۆ دیاریکردنی ئەندامانی ئەو دەستەیەش، هەردوو جڤات گروپێکی پێنج کەسیان ڕاسپارد کە هەستن بە ئەنجامدانی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەو ھەڵسوڕاوە دیارانەی کە ئامادەن لە قۆناغی خۆڕێکخستنەوەی گۆڕاندا لە بزوتنەوەکەدا کاربکەن.

بابەتی پێشتر

پێشێلكردنی ئازادیی ئاینی.. ئەمریكا ژمارەیەك وڵات و ڕێكخراو دەخاتە لیستی ڕەشەوە

بابەتی دواتر

‌‎هونەرمەندێكی ڕۆژئاوای كوردستان لەلایەن توركیاوە دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share