داشکاندن بە ڕێژەی 15% بۆ قەرزی کرێی کارەبا و ئاو درێژكرایەوە

ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان

ئەنجومەنی وەزیرانی حكومەتی هەرێم بڕیاریدا داشکاندنی 15%ـی قەرزی کرێی کارەبا و ئاو، تا کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ درێژبکرێتەوە، بە مەرجێک تەواوی قەرزی کەڵەکەبووی پێشوو بدرێتەوە.

ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆک وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی كۆبوونەوەكە، لە بڕگەی یەكەمدا شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکیان دەربارەی دوا هەنگاوەکانی هەماهەنگی و هاریکاریی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە پێکهێنانی هێزی هاوبەش و دابینکردنی پێداویستییەکانی پێشمەرگە و پلانی هاوبەشی ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی داعش خستەڕوو.

وەزیری پێشمەرگە باسی لە بەرەوپێشچوونەکانی گواستنەوەی هێزەکانی پشتیوانی و یەکەکانی دیکەی هێزەکانی پێشمەرگەی بۆ سەر وەزارەتی پێشمەرگە کرد، ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە هەردوو وەزارەت، جەختیکردەوە لەسەر بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی زیاتری هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی و تۆکمەکردنی ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگە و بەردەوامیی ڕێکخستنەوەی گشت یەکەکانی هێزی پێشمەرگە لە چێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا.

پاشان سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ باسیان لە ئامادەکارییەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کرد دەربارەی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و بەتایبەتی دوای دەرکەوتنی چەند کەیسێکی ڤایرۆسی ئۆمیکرۆن لە دهۆک، ئەنجومەنی وەزیران بڕیارەکانی دوا کۆبوونەوەی لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنای پەسەندکرد و جەختیش لەسەر برەودان بە هەڵمەتەکانی وەرگرتنی ڤاکسین لە وادەی دەستنیشانکراو و بایەخی بەستنی ماسک لەلایەن هاوڵاتییانەوە کرایەوە.

لای خۆیەوە خالد چاوشلی سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتێکی دەربارەی بەرەوپێشچوون و دەرئەنجامی کاری تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم سەبارەت بە جێبەجێکردنی پابەندییەکانی هەردوو حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێم بەگوێرەی یاسای بودجەی عێراقی فیدراڵ بۆ ساڵی 2021 خستەڕوو، ئەنجومەنی وەزیران سەرەڕای دەستخۆشی لە هەوڵەکانی دیوانی چاودێریی دارایی، وەزیرەکانی ڕاسپارد کە برەوبدەن بە هەماهەنگی و پەیوەندی لەگەڵ هاوتاکانیان لە حکومەتی فیدراڵی.

بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکە، بریتیبوو لە خستنەڕووی پێشنیازی وەزارەتی کارەبا تایبەت بە درێژکردنەوەی کارکردن بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (117) لە ڕێكکەوتی 2021/10/27 سەبارەت بە داشکاندنی ڕێژەی 15% لە قەرزی کرێی کارەبا و سزاکانی دواکەوتن و سەرپێچیی کارەبا بۆ سەرجەم هاوبەشانی تۆڕی نیشتمانیی کارەبا لە هەرێمی کوردستان لە گشت سێکتەر و بوارەکاندا، کە لەلایەن کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازەكەی پەسەندکرد کە داشکاندنەكە تا کۆتایی مانگی 2ی ئەمساڵ درێژبکرێتەوە.

پاشان ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری پەسەندکرد بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە لێخۆشبوونی ڕێژەی 15% بۆ هاوبەشانی خزمەتگوزاریی ئاو لە هەرێمی کوردستان، بە مەرجێک تەواوی قەرزی کەڵەکەبووی پێشوو بدەن و ئەم بڕیارەش تا کۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ کاریپێدەکرێت.

لە هەمانکاتدا ئەنجومەنی وەزیران گشت وەزارەتەکانی ڕاسپارد کە بۆ کۆبوونەوەی داهاتوو، پێشنیازەکانی خۆیان ئامادەبکەن بۆ هەموو ئەو ئاسانکارییانەی کە لەڕووی یاساییەوە دەتوانرێت پێشکەشبکرێن بۆ هاندان و ئاسانکاری بۆ هاوڵاتییان بۆ گەڕانەوەی ئەو پابەندییە داراییانەی لەئەستۆياندان بەرامبەر بە حکومەت.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران پێشنیازی ئەنجومەنی باڵای خانمانی سەبارەت بە گۆڕینی ناوی ئەنجومەنەکە بۆ ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان پەسەندکرد.

بابەتی پێشتر

سێ كەس بەتۆمەتی شەڕكردن لە سلێمانی دەستگیركران

بابەتی دواتر

ئیسرائیل: ئێران هەوڵیداوە كچانی ئیسرائیلی بكات بە سیخوڕ

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

سبەی ئەگەری بارانبارین ھەیە

بەڕێوبەرایەتیی گشتیی کەشناسیی ھەرێم ئەمڕۆ پێنجشەممە 1ی تشرینی یەكەم پێشبینییەکانی کەشوھەوای 48 کاتژمێری داھاتوو ڕاگەیاند، پێشبینی ئەوە دەکات…
Total
0
Share