فرۆشی بلیت لە سینەماكانی سعودیە بە ڕێژەی 95% زیادیكردووە

ژمارەیەكی زۆری سعودییەكان ڕوو لە سینەماكان دەكەن

داهاتی فرۆشتنی بلیت لە سینەماكانی سعودیەدا لە ساڵی 2021دا بە ڕێژەی 95% زیادیكردووە بە بەراورد بە ساڵی 2020.

گەشەی خێرای سعودیە لەو بوارەدا ساڵی ڕابردوو بایی 238 ملیۆن دۆلار بووە، بە بەراورد بە 122 ملیۆن دۆلار لە ساڵی 2020دا، بەپێی تۆمارەكانی كۆمپانیای (كۆمسكۆر)ی ئەمریكی كە گۆڤاری فارایتی بڵاویكردووەتەوە.

دوای تەنها چوار ساڵ لە هەڵگرتنی قەدەغەی سەر سینەما لە سعودیە، كە 35 ساڵی تەواوی خایاند، وڵاتەكە پێگەی خۆی وەك باشترین بازاڕی فرۆشتنی بلیتی سینەما قایمكرد لە كۆی فرۆشەكانی ناوچەی ڕۆژئاوای ئاسیا، ئەمەش دوای سەركەوتنی بەسەر ئیماراتدا.

داهاتی سەردانی سینەماكان لە ئیمارات 130 ملیۆن دۆلار بووە لە ساڵی 2021دا.

لە سینەماكانی سعودیەدا 340 فیلمی نوێ لە ساڵی 2021دا نمایشكراون، ژمارەكە 20 فیلم بووە لە ساڵی 2020دا.

فیلمی میسریی “وقفە رجالە- وەستانی پیاوانە” زیاتر لە 15 ملیۆن دۆلاری لە سینەماكانی سعودیە چنییەوە، ئەمەش وایلێدەكات ببێتە پڕفرۆشترین فیلم لەنێو شانشینەكەدا لە ساڵی 2021دا. لەكاتێكدا فیلمی هۆلیوودیی (Stand Worthy of Men) بە پلەی دووەم دێت بە 11.2 ملیۆن دۆلار.

هەروەها فیلمی (Cruella) پلەی سێیەمی گرتووە دوای كۆكردنەوەی 9.1 ملیۆن دۆلار، پاشان فیلمی (Wrath of Man)ی دەرهێنەر جای ڕیچی لە پلەی چوارەمدایە دوای كۆكردنەوەی 8.3 ملیۆن دۆلار.

لە ڕیزبەندیی پێنجەمدا فیلمی (مش أنا- من نا)ی تامر حوسنی-ی كۆمیدیاكاری میسری دێت بە بەهای 8.2 ملیۆن دۆلار.

گۆڤارە ئەمریكییەكە دەڵێت، بەرزبوونەوە زۆرەكەی داهاتەكانی سینەما لە سعودیە لە ساڵی 2021دا دەگەڕێتەوە بۆ كردنەوەی ژمارەیەك هۆڵی سینەما لە چەندین ناوچەی جیاوازی شانشینەكەدا، بەجۆرێك لە سەرەتای ساڵەكەدا 33 بووە و لە كانوونی یەكەمی هەمان ساڵدا بۆ 53 بەرزبووەتەوە.

بابەتی پێشتر

هۆکارەکانی زوو سپیبوونی قــژ

بابەتی دواتر

سێ كەس بەتۆمەتی شەڕكردن لە سلێمانی دەستگیركران

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share