هاوڵاتییان و كاسبكارانی مەخمور خۆپیشاندانێكیان بۆ ناڕەزایی نیشاندان لەبەرامبەر ڕێگرییەكانی سوپای عێراق لە هێنانی شتومەك نیشاندا، بەشداربوویەك دەڵێت، بەڵێنی چارەسەری داواكارییەكانیان دراوە و ئەوانیش كۆتاییان بە ناڕەزایەتییەكە هێناوە.
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لەلایەن ژمارەیەك لە دوكاندار و هاوڵاتییانی قەزای مەخمورەوە خۆپیشاندان لە بازاڕی قەزاكە و دواتر لەنێوان هەردوو بازگەی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ئەنجامدرا، ئەمەش دوای ئەوەی ماوەی هەفتەیەكە لەلایەن سەربازانی سوپا و لیژنەیەكی نێردراو لە پارێزگای موسڵەوە ڕێگری دەكرا لەوەی كاسبكاران پێداویستییەكانی ڕۆژانە وەك سەوزە، میوە، گۆشت و دەرمان لە هەولێرەوە بهێنن، وەك ئەوەی كاسبكارێك بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند.
وتیشی، خۆپیشاندەران بۆ ماوەی دوو كاتژمێر ڕێگای مەخمور – هەولێریان داخست.
ئەو بەشداربووەی خۆپیشاندانەكە وتی، “دواتر لەلایەن بەرپرسانی سوپا و پۆلیسی ناوچەكەوە بەڵێن درا كە ڕێگرییەكان هەڵبگیرێن و كاسبكاران دەتوانن ڕۆژانە پێداویستییەكان لە هەولێرەوە بهێنن، دوای ئەوە كۆتایی بە خۆپیشاندانەكە هێنرا و دووبارە ڕێگاكە كرایەوە”.
كۆتایی هەفتەی ڕابردوو كاسبكارانی قەزاكە بە بایكۆت و داخستنی دوكانەكانیان و دواتر خۆپیشاندان ناڕەزایەتییان لەبارەی ئەو دۆخەوە نیشاندا.