ژمارەیەک وەزارەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕەشنووسی ڕێنمایی هێنانی کرێکاری بیانی بۆ هەرێم هەمواردەکەنەوە و گۆڕانکاریی تێدا دەکەن.
لەبارەی ئەو پرسەوە، وەزارەتی پلاندانان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و ژمارەیەک لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، سەرقاڵی داڕشتنەوەی ڕێنمایی نوێن بۆ چۆنیەتی هێنانی کرێکار و کارمەندی بیانی بۆ هەرێمی کوردستان.
ئەم وەزارەتانەی حکومەتی هەرێم لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ هەموارکردنەوەی ڕەشنووسەکە و تێیدا شێوازی هێنانی کرێکاری بیانی و مەرجەکانی پێدانی مافی مانەوەی کاتی بە کرێکارەکان دادەڕژرێتەوە.
لەبارەی کۆبوونەوەی لیژنەکە، دارا ڕەشید، وەزیری پلاندانانی هەرێم، ڕایگەیاندووە، ”ئامانج لە داڕشتنەوەی ئەم ڕێنماییە ئەوەیە، کە دەرفەتەکانی کار زیاتر بۆ گەنجان و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بگونجێنرێت و هاوکات لەو بوارانەشدا کە پێویستمان بە دەستی کاری دەرەوەیە، ڕێگە بدرێت سوود لە ئەزموون و توانای کرێکار و کارمەندی بیانی وەربگیرێت”.
لیژنەی داڕشتنەوەی ڕێنمایی هێنانی کرێکاری بیانی ئامانجەکانی لیژنەکەی بۆ ئەم چەند خاڵە کورتکردووەتەوە:
یەکەم: ڕەخساندنی ھەلی کاری زیاتر بۆ لاوان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان.
دووەم: پێداچوونەوە بە ڕێنماییەکانی پێدانی ڤیزا و کارتی نیشینگە بۆ کرێکاری بیانی.
سێیەم: ئامادەکردنی ئامارێکی دروست بۆ ژمارەی کرێکارانی بیانی لە ھەرێمی کوردستان.
چوارەم: خستنەڕووی میکانزمەکانی کێشە و گرفتەکان بەپێی دوایین یاسا و ڕێنمایی، لەلایەن ھەردوو وەزارەتی ناوخۆ و کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
پێنجەم: ئامادەکردنی ڕێنماییەکان لە نزیکترین کاتدا، بەرزکردنەوەی ڕەشنووسێک بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران، تاوەکو لە نزیکترین کاتدا بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.