بەرهەم ساڵح تەنها ڕێوشوێنە یاساییەكانی ماوە
پەرلەمان دەرگای پاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كردەوە و ‏مەرجەكانیشی دیاریكردووە.‏

خۆپاڵاوتن بەپێی ماددەكانی (2 و 3)ی یاسای ژمارە (8)ی ساڵی 2012 (یاسای ئەحكامی ‏خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار) دەبێت، ئەنجومەنی نوێنەران داواش لە خوازیاران، ‏ئەوانەی مەرجە دیاریكراوەكانیان تێدایە، داواكاریی نووسراو پشتبەست بە بەڵگەنامە ‏فەرمییەكان كە بوونی مەرجەكان بسەلمێنێت، لەگەڵ كورتەی ژیانیان پێشكەش بە ‏ئەنجومەنی نوێنەران بكەن.‏

هەروەك ڕۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە بۆ پێشكەشكردنی داواكارییەكان ‏دیاریكراوە.‏

لە نووسراوەكەیدا ئەنجومەنی نوێنەران مەرجەكانیشی دیاریكردووە كە بریتین لە، ‏‏(عێراقی بێت لە دایك و باوكی عێراقی، بەتوانابێت و تەمەنی 40 ساڵی تەواوكردبێت، ‏ناوبانگی باش و شارەزایی سیاسی هەبێت، دەستپاك و دادپەروەر و دڵسۆزیی نیشتمان ‏بێت، بڕوانامەی لە بەكالۆریۆس كەمتر نەبێت، سزانەدرابێت بە تاوانی بەدڕەوشتی و لەو ‏كەسانە نەبێت كە ئەحكامی یاسای لێپرسینەوە و دادپەروەری دەیگرێتەوە).‏

سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران دووپاتیشیكردووەتەوە ئەوپەڕی وادەی هەڵبژاردنی ‏سەرۆك كۆمار لە كۆتایی ڕۆژی 8ی شوباتی داهاتوو دەبێت بەپێی ماددەی ‏‏(72/دووەم/ب)ی دەستوور.‏

پۆستی سەرۆك كۆمار كە پشكی كوردە و بەدرێژایی ساڵانی ڕابردوو لەلایەن كاندیدی ‏كورد و لەكوردیشدا لەلایەن یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە پڕكراوەتەوە، بۆ ئەم خولەش ‏لەلایەن یەكێتی-یەوە بەرهەم ئەحمەد ساڵح دووبارە كاندید كراوەتەوە.‏

لەكاتێكی پێشتری ئەمڕۆ هۆشیار زێباری، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی ‏كوردستان، كه‌ هاوكات سه‌رۆكى شاندى ئه‌و حزبه‌یه‌ له‌ به‌غداد بۆ دانوستاندنه‌كانى ‏پێكهێنانى حكومه‌ت، له‌ لێدوانێكى ڕۆژنامه‌وانیدا ده‌رباره‌ى ‌بوونی كاندیدی پارتی بۆ ‏پۆستی سه‌رۆك كۆمار، جه‌ختى له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، “نه‌خێر كاندیدمان نابێت و بۆ ئه‌و ‏بابەتەش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كان قسه‌ده‌كه‌ین”.‏

بەمەش بەرهەم ساڵح دەبێتە كاندیدی كورد بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە و هەڵبژاردن و ‏یەكلاكردنەوەی تەنها دانیشتنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی ماوە.‏

پێشتر مەهدی كەریم، پەرلەمانتاری پارتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی ‏عێراقی (واع)ی ڕاگەیاند، پارتی و یەكێتی ڕێككەوتوون لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار، ‏بەشێوەیەك، یەكێتی دوو كاندید پێشكەشدەكات بۆ پۆستەكە.‏

بەوتەی پەرلەمانتارەكەی پارتی، پرسی دوو كاندیدییەكە، لای كورد و ڕەوتی سەدر و ‏هاوپەیمانیی تەقەدومی حەلبووسی یەكلابووەتەوە.

بەڵام هەرێم كەمال ئاغا، پەرلەمانتاری یەكێتی لە لێدوانێكیدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ‏قسەكانی پەرلەمانتارەكەی پارتیی ڕەتكردەوە بەوەی یەكێتی دوو كاندیدی هەبێت.‏

هەرێم كەمال ئاغا دووپاتیكردەوە، یەكێتی تەنها یەك كاندیدی هەیە، ئەویش دكتۆر بەرهەم ‏ساڵحە.‏

بابەتی پێشتر

فیلمی "The Power of the Dog" و "West Side Story" گەورەترین خەڵاتەکانی گۆڵدن گڵۆب-یان بردەوە

بابەتی دواتر

بەڕێوەبەری هەواڵگریی دانیمارك دەستگیركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share