ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا سووربوونی خۆی لەسەر مانەوەی لە دەسەڵات ڕاگەیاند و نییەتی بۆ دوورکەوتنەوە لەپۆستەکەی ڕەتکردەوە، وتی، لە 2023 و دواتریش تا 2053 حوكم دەكەین.
ڕەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی کردنەوەی ژمارەیەک پرۆژەدا لێدوانی دا، ڕایگەیاند، ”ئامانجمان 2023 تا 2053یە، نیشتمانێکمان نییە جگە لەم نیشتمانە، وڵاتێکی دیکەمان نییە، ڕادەستی کەسی ناکەین جگە لە خودا، باوەڕمان بە کەس نییە گەلەکەمان نەبێت”.
وتیشی، “لەماوەی 20 ساڵی حوکمی پارتی داد و گەشەپێداندا، ڕووبەڕووی سەرجەم ئەو یارییانە بووینەتەوە و بە پشتیوانیی خودا و گەلەکەمان سەرکەوتوو دەبین لەم کۆششەمان”.
بەوتەی ئەردۆغان، شەو و ڕۆژ کاردەکەن لەپێناو ئەوەی تورکیا بخەنە ڕیزبەندیی 10 باشترین ئابورییەکانی جیهانەوە.
بڕیارە لە ساڵی 2023 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی تورکیا ئەنجامبدرێت، لەبەرامبەردا ئۆپۆزسیۆنی تورکیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکەن، یەڵام ئەردۆغان بەتوندی بیرۆكەیەكی لەو شێوەیە ڕەتدەکاتەوە.