دوای 5 مانگ لە ونبوونی.. ئەو كۆرپەیەی لە کابول درایە دەست سەربازەکان دۆزرایەوە

سوهێل ئەحمەدی، ئەو كۆرپەیەی لە تەمەنی دوو مانگیدا لە فڕۆکەخانەی کابول لە دایك و باوكی دابڕا، دوای تێپەڕبوونی نزیكەی پێنج مانگ لە كابول دۆزرایەوە و هەوڵدەدرێت ببرێتە ئەمریكا و ڕادەستی خانەوادەكەی بكرێتەوە.

چیرۆكەكە لەكوێوە دەستیپێكرد و سوهێل چۆن ونبوو؟

ڕۆژی 19ی ئابی ساڵی ڕابردوو، كاتێك چەكدارانی تاڵیبان بە شارەكانی ئەفغانستاندا بڵاودەبوونەوە و بەشێك لە خەڵكی ئەو وڵاتە لە ترساندا هەڵدەهاتن، باوكێك لەناو فڕۆكەخانەی كابول بەهۆی پاڵەپەستۆی زۆری خەڵكەوە، منداڵە تەمەن دوو مانگانەكەی بەسەر پەرژینی تەلبەندكراودا ڕادەستی سەربازێكی ئەمریكی كرد، تا دوای پەڕینەوەی خۆی و هاوژینەكەی و چوار منداڵەكەی تریان، منداڵەكە وەربگرنەوە، بەڵام قەرەباڵغیی شوێنەكە و دروستبوونی پشێوی، سوهێل-یان لە دایك و باوكی دابڕی.

هەواڵی ونبوونی سوهێل ئەحمەدی، خێرا بە جیهاندا بڵاوبووەوە، میرزا عەلی ئەحمەدی كە باوكی منداڵەكەیە و وەك پاسەوان لە باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە كابول كاریكردبوو، وەكخۆی دەڵێت لە ترسی ئەوەی سوهێلی كۆرپە بكەوێتە ژێرپێی خەڵكەوە، بەسەر پەرژینی فڕۆكەخانەكەدا ڕادەستی سەربازێكی ئەمریكی كردووە، ئەوكات ئەوان ماوەی تەنها پێنج مەتر لە دەرگای فڕۆكەخانەكەوە دووربوون، بەڵام چەكدارانی تاڵیبان خۆیان بەناو ئاپۆرای خەڵكەكەدا كرد و بۆ ماوەی نیو كاتژمێر لە فڕۆكەخانەكە دووریانخستنەوە، لەو ماوەیەدا، چارەنووسی سوهێل سەرنگومبوو.

ساتی سپاردنی سوهێل لەلایەن باوكییەوە بە سەربازێكی ئەمریكی

بەرپرسانی سەربازیی ئەمریكا لە فڕۆكەخانەكە بە خانەوادەكەیان ڕاگەیاندبوو كە “پێدەچێت منداڵەكەتان بە فڕۆكەیەكی دیكە گواسترابێتەوە بۆ ئەمریكا”، ناچار ئەندامانی تری خانەوادەكەی كە لە دایك و باوك و چوار خوشك و برای پێكهاتوون، بە فڕۆكەیەكی ئەمریكی ئەفغانستانیان بەجێهێشت و لە بنكەیەكی سەربازی لە تەكساس گیرسانەوە.

دوای نزیکەی مانگێک لەو ڕووداوە، وابڵاوكرایەوە كە سوهێل گەیشتووەتە ویلایەتی ئاریزۆنای ئەمریكا، بەڵام ڕاستنەبوو، چارەنووسی ئەو منداڵە بە نادیاری مایەوە.

لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوودا، ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕاپۆرتێكی لەبارەی سوهێل ئەحمەدی-یەوە بڵاوكردەوە و وێنەی منداڵەكەی هاوپێچكرد وەك هەوڵێك بۆ دۆزینەوەی، زۆری نەخایاند چارەنووسی منداڵەكە ئاشكرابوو، سوهێل ئەفغانستانی بەجێنەهێشتووە و هێشتا لە كابولە. دەركەوت شۆفێرێكی تاكسی بەناوی حامد سافی كە تەمەنی 29 ساڵە، هەمان ڕۆژی مانگی ئابی ڕابردوو، منداڵەكەی لە فڕۆكەخانەی كابول دۆزیوەتەوە و بردوویەتییەوە بۆ ماڵەكەی خۆی و بەخێویكردووە.

ڕادەستكردنەوەی سوهێل بە باپیر و مامی

بەپێی ئاژانسەكە، كەسوكاری سوهێل ماوەی حەوت هەفتە وتووێژیان لەگەڵ حامد سافیدا كردووە، بەڵام ئەو قایلنەبووە منداڵەكە بگەڕێنێتەوە، تەنانەت كار گەیشتووە بەوەی پۆلیسی تاڵیبان ئەو شۆفێرەیان دەستگیر و ماوەیەك دەستبەسەر كردووە، سەرئەنجام دوێنێ شەممە منداڵەكەی ڕادەستی باپیری و كەسوكارەكەی كردەوە.

ئێستا هەوڵەكانی دەسەڵاتدارانی ئەمریكا بۆ ئەون سوهێل بگوازنەوە بۆ ئەمریكا و لەگەڵ دایك و باوك و خوشك و براكانیدا بە یەكتر شادببنەوە.

بابەتی پێشتر

 ئەردۆغان: تا 2053 حوکم دەکەین

بابەتی دواتر

هەسەدە ئاماری تاوانەكانی توركیا لە ڕۆژئاوای كوردستان لە ساڵی 2021دا ئاشكرادەكات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share