بەرپرسێك: كورد و سوننە دڵنیاییانداوە هاوپەیمانی لەگەڵ هیچ بەرەیەكی شیعەكاندا ناكەن

بەرپرسێكی چێوەی هەماهەنگی دەڵێت، دڵنیاییان لە هێزە كوردی و سوننییەكان ‏وەرگرتووە بەوەی بەتەنها هاوپەیمانی لەگەڵ ڕەوتی سەدر-دا ناكەن بەپێی هێزەكانی ‏چێوەی هەماهەنگی.‏

عائد هیلالی، بەرپرس لە چێوەی هەماهەنگی، كە هێزە شیعییەكانی دەرەوەی ڕەوتی سەدر ‏لەخۆدەگرێت، ڕایگەیاند، هەڵوێستی هێزی كوردی و سوننییەكان ڕوون و چەسپاوە لە ‏سەرەتاوە تائێستا، ئەویش نەچوونە ناو هاوپەیمانییەوە لەپێناو دروستكردنی گەورەترین ‏كوتلە لەگەڵ ڕەوتی سەدر بەبێ چێوە، هەروەك ناچنە هاوپەیمانی لەگەڵ چێوە بەبێ ‏ڕەوتی سەدر، ئەوان لەگەڵ هاوپەیمانین لەگەڵ ماڵی سیاسیی شیعە بەشێوەیەكی یەكگرتوو ‏و تەواو.‏

میدیا عێراقییەكان لە زاری هیلالی ئەوەشیان دووپاتكردەوە كە هێزە كوردی و سوننییەكان ‏لەوبارەیەوە دڵنیاییان داوە.‏

بەوتیە بەرپرسە شیعییەكەی چێوە، “لەبەر ئەو هۆكارە هەر كوتلەیەكی گەورە ‏پێكبهێندرێت، پێویستە لەلایەن ڕەوتی سەدر و چێوەی هەماهەنگییەوە بێت بەیەكەوە”، ‏هۆشدارییدا لەوەی، “بەپێچەوانەوەی ئەوە، گرفتەكە لە ئایندەیەكی نزیكدا چارەسەرنابێت”.‏

بڕیارە ئەمڕۆ یەكەم دانیشتنی خولی نوێی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت و ‏تیایدا دوای چەند كارێكی ڕۆتینی، بەتەمەنترین پەرلەمانتار سەرۆكایەتیی دانیشتنەكە ‏دەگرێتەئەستۆ و پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن.‏

سوننەكان، كە بووەتە عورف سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانیان پێبدرێت، محەمەد ‏حەلبووسی-یان بۆ ئەو پۆستە دەستنیشان كردووە، بەڵام ئەمڕۆ دەنگ لەسەر ئەو پرسە ‏نادرێت، بەوپێیەی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران یەك پاكێجە و هێشتا ‏دوو جێگرەكەی دیارینەكراون، كە یەكێكیان بۆ شیعە و ئەوەی دیكەیان بۆ كوردە.‏

ئەمە جگە لەوەی لەسەر پۆستەكانی سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆماریش ڕێككەوتن ‏نەكراوە، وەزیران بۆ شیعە و كۆماریش بۆ كورد دەبێت.‏

بابەتی پێشتر

بۆچی ئاسمان لە زستاندا شینتر دەردەكەوێت؟

بابەتی دواتر

فەرماندەیەكی سەدرییەكان تیرۆركرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share