بەپێی ڕاپۆرتێكی نهێنیی نەتەوە یەكگرتووەكان واپێدەچێت بەندەری ئێران سەرچاوەی هەزاران چەك بێت كە لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریكاوە لە چەند مانگی ڕابردوودا لە دەریای عەرەب دەستیان بەسەرداگیراوە.
ڕۆژنامەی (وۆڵ ستریت جۆرناڵ) ئاماژەی بە ڕەشنووسی ڕاپۆرتەكە كرد كە لیژنەی شارەزایانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی پەیوەندیدار بە یەمەن ئامادەیكردووە و دەڵێت، كەشتیی لە تەختەدروستكراوی بچوك و هۆكارەكانی گواستنەوەی وشكانی بەكارهێنراوە لە هەوڵەكانی دزەپێكردنی چەك بەرەو یەمەن.
بەپێی ڕاپۆرتەكە، ئەو چەكانە، دروستكراوی ڕوسا و چین و ئێرانن، لەڕێی ئەو ڕێگایانەوە نێردراون كە دەگەنەسەر یەمەن و سوپای ئەمریكا چەندین ساڵە لەهەوڵی داخستنیایەتی.
ئاشكراشیكردووە، بەلەمەكانی گواستنەوەی چەك سەرچاوەكەی بەندەری جاسك-ی ئێرانییە لەسەر دەریای عومان، بەپێی ئەو چاوپێكەوتنانەی لەگەڵ هەندێك لە تیمی بەلەمەكان و زانیارییەكانی دەزگا دەریاییەكان بەدەستهاتوون.
ئەمەش لەكاتێكدایە ئێران لەبەردەم لیژنەكەی نەتەوە یەكگرتووەكاندا ڕایگەیاندووە كە چەكەكانی نەگوازراونەتەوە و ڕەوانەناكرێن بۆ یەمەن، لەكاتێكدا وتەبێژ بەناوی نێردەی ئێران لە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاندووە ناتوانێت بەخێرایی لێدوانی لەسەر بدات، وەك ئەوەی ڕۆژنامەكە ئاماژەی پێداوە.
(وۆڵ ستریت جۆرناڵ) دەڵێت، ڕاپۆرتەكە وردەكاریی پشتیوانیی ئێران بۆ گروپە چەكدارەكان لە سەرجەم ناوچەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەخۆدەگرێت.
ڕادەستكردنی چەك بە حوسییەكان بە پێشێلكردنی قەدەغەی چەك دادەنرێت كە نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2015ەوە بەسەر گروپە یاخیبووەكەدا سەپاندوویەتی.
لە كانونی یەكەمی ڕابردوو هێزی دەریایی ئەمریكا لە ئاوەكانی كەنداو بارێك چەكیان لەسەر كەشتییەكی ڕاوكردن كە سەرچاوەكەی ئێران بوو دەستبەسەردا گرت، باوەڕوایە لە ڕێگادابووە بەرەو حوسییەكان لە یەمەن، كە ئێستا لە جەنگ تێوەگلاوە.
بارەكە بەپێی ئەوەی هێزەكانی ئەمریكا بڵاویكردەوە، لە نزیكەی 1400 چەكی جۆری (ئەی كەی 47) كە بە كڵاشینكۆف ناسراوە و زیاتر لە 226 هەزار فیشەك پێكهاتبوو.
لە هاوینی 2014ەوە یەمەن بەدەست جەنگ لەسەر دەسەڵات دەناڵێنێت لەنێوان چەكدارە حوسییەكان كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن و هێزەكانی حكومەت كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانپیادانراوە و لەلایەن هاوپەیمانییەكی سەربازی بە سەرۆكایەتی سعودیە پشتیوانی دەكرێن.