نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى به‌شه‌ناوخۆییه‌كان ته‌واوكران.. ده‌وامى زانكۆی سلێمانى ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌

دواى چه‌ندین ڕۆژ كاركردن له‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كانى زانكۆی سلێمانى دواجار كاره‌كانى ته‌واوكران و یەكشەممە خوێندن له‌ زانكۆكه‌ ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌.

د.پێشڕه‌و حه‌مه‌جان، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكى زانكۆی سلێمانى به‌ تۆڕی میدیایی ئێستاى ڕاگه‌یاند، دواى چه‌ند ڕۆژێك له‌ ڕاگرتنى ده‌وام، له‌ زانكۆی سلێمانى و كه‌مپی كۆنی سلێمانى ئەمڕۆده‌وام ده‌ستپێده‌كاته‌وه‌ و تا ڕۆژى هه‌ینی كاركردن له‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان به‌رده‌وامبوو.

وتیشی، له‌ پێش سه‌رى ساڵه‌وه‌ كار له‌ 30 باڵه‌خانه‌ كراوه‌ به‌ كاركردن له‌ ( ئاو و ئاوه‌ڕۆ و گۆڕینی تانكى ئاوخواردنه‌وه‌كان و مه‌تبه‌خ و کاری ته‌باخ، سیسته‌مى غاز و كاره‌با چه‌ندان كارى دیكه‌).

به‌وته‌ى یاریده‌ده‌رى سه‌رۆكى زانكۆی سلێمانى، به‌شی سه‌ره‌كى و پێویستى ناته‌واوییه‌كانى به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان ته‌واوكراوه‌.

“كێشه‌ى ئاو و ئاوه‌ڕۆ و كێشه‌ سه‌ره‌كییه‌كان چاره‌سه‌ركراون، له‌پاڵ ئه‌وه‌ش كێشه‌ى ده‌رگا، بۆیاخ، ئاوى گه‌رم، سیستمى غاز، ئه‌سانسۆر و پێداویستییه‌كانى وه‌كو غه‌ساله‌ و ته‌باخ و چه‌ندین كێشه‌ى دیكه‌ی به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان چاره‌سه‌ركراون”، یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكى زانكۆی سلێمانى واى وت.

ڕوونیشیكرده‌وه‌، ته‌نها گرفتى دانانى ئینته‌رنێت بۆ باڵه‌خانه‌كان ته‌وانه‌بووه‌، ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ى به‌شێك له‌ كه‌ره‌سته‌كان ده‌بێت له‌ وڵاتانى ده‌ره‌وه‌ بهێنرێت و ئه‌ویش له‌ هه‌فته‌ى داهاتوو به‌ته‌واوى چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكى زانكۆی سلێمانى ڕاشیگەیاند، ئه‌مڕۆ باڵه‌خانه‌كان به‌ڕووی خوێندكاران كرانه‌وه‌ و ژماره‌یه‌كى زۆریان گه‌ڕانه‌وه‌ به‌شه‌ناوخۆییه‌كان تا سبه‌ى ده‌وامى فه‌رمى خۆیان ده‌ستپێبكه‌نه‌وه‌.

هەشت ساڵه‌ ئه‌و باڵه‌خانانه‌ پێویستیان به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌بووه‌

پێشتر خوێندكاران له‌ خۆپیشاندانه‌كانیاندا ڕه‌خنه‌ى ئه‌وه‌یان ده‌گرت له‌ به‌شه‌ ناوخۆییه‌كان خزمه‌تگوزارییه‌كانیان وه‌كو پێویست بۆ دابین نه‌كراوه‌.

له‌وباره‌یه‌وه‌ پێشڕه‌و حه‌مه‌جان ده‌ڵێت، به‌شێك له‌ باڵه‌خانه‌كانى به‌شه‌ناوخۆییه‌كانى ناوشار بیناكانیان زۆر كۆنبوون پێویستیان به‌نۆژه‌نكردنه‌وه‌ هه‌بووه‌.

وتیشی، حكومه‌ت له‌ 2014وه‌ وه‌كو پێویست نه‌یتوانیوه‌ ئاوڕیان لێبداته‌وه‌، ئه‌ویش به‌بیانووى قه‌یرانى داراییه‌وه‌.

باسی له‌وه‌شكرد، پێشتر زانكۆ هه‌رگیز نه‌یده‌توانى ساڵانه‌ كارى نۆژه‌نكردنه‌وه‌ له‌ 30 باڵه‌خانه‌نانه‌ بكات ته‌نها هه‌ندێك كارى نوێكردنه‌وه‌ نه‌بێت.

كاره‌كانى بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى و یه‌كێتى به‌رز ده‌نرخێنن

یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكى زانكۆی سلێمانى وێڕاى ده‌ستخۆشی له‌ بڕیارەکەی  بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانى و یه‌كێتى ئه‌وكارانه‌ به‌رزده‌نرخێنن و ده‌ڵێت، “مایه‌ى خۆشبه‌ختییه‌ كه‌ هه‌ر پێداویستییه‌كمان پێویستبووبێت یان داوامان كردبێت، له‌گه‌ڵ داواكاریی له‌سه‌ر داواكاریی هه‌موویان جێبه‌جێكراون”.

ده‌شڵێت، “به‌هیواى ئه‌وه‌ین كه‌ وه‌زاره‌تى خوێندنى باڵا و حكومه‌ت ده‌رماڵه‌ى خوێندكاران بكاته‌ بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه‌”.

خوێندكاران دڵخۆشن به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى به‌شه‌ناوخۆییه‌كان

كه‌ریم محه‌مه‌د، خوێندكارى زانكۆ خۆشحاڵه‌ به‌ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ى به‌شه‌ناوخۆییه‌كان و جێبه‌جێكردنى داواكارییه‌كانیان.

ئه‌و بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا ده‌ڵێت، “هه‌ر كه‌سێك هه‌ر كارێكى باش بكات ده‌ستخۆشی لێده‌كه‌ین، به‌ڵام حكومه‌ت به‌ده‌م داواكارییه‌كانمانه‌وه‌ نه‌هاتووه‌، ئه‌وه‌ى كراوه‌ له‌لایه‌ن حزب و خودى بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانییه‌وه‌ بووه‌، كه‌ جێگاى ده‌ستخۆشییه‌”.

جه‌خت له‌وه‌شده‌كاته‌وه‌، داواكاریی ئه‌وان ئیدى ئه‌وه‌ ده‌بێت، حكومه‌ت ده‌رماڵه‌ بگه‌ڕێنێته‌وه‌، چونكه‌ هیچ بارگرانییه‌كى له‌سه‌ر دروست ناكات و ئێستا داهاته‌كانى باشه‌ و بیانوی نه‌ماوه‌ بۆ جێبه‌جێكردنى داخوازییه‌كانى خوێندكاران.

ده‌شڵێت، له‌كاتى كردنه‌وه‌ى ده‌وامدا ئه‌گه‌ر حكومه‌ت ده‌رماڵه‌ بۆ خوێندکاران خه‌رج نه‌كات، “ئێمه‌ خۆپیشاندان ده‌ستپێده‌كه‌ینه‌وه‌، بۆیه‌ داواكاریین له‌ حكومه‌ت ئه‌و داواكارییه‌ش جێبه‌جێ بكات”.

بابەتی پێشتر

له‌ ساڵى ڕابردوو زیاتر له‌ چوار ملیۆن گه‌شتیار هاتوونه‌ته‌ هه‌رێمى كوردستان

بابەتی دواتر

سوننه‌كان به‌ فه‌رمى حه‌لبوسی-یان بۆ پۆستى سه‌رۆكى په‌رله‌مان كاندیدكرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share