سزاكەی زارا موحەمەدی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە

لە بەردەم بینای دادگا دەڵێت، “قور بەسەر ئەو دوژمنەی هیوای بە بەندیخانەیە”.

دوای چوونە بەردەم دادگای سنە و تەواوكردنی ڕێوشوێنە یاساییەكان، بڕیارە كاتژمێرێكی ‏دیكە زارا موحەمەدی بەرەو زیندان بگوازرێتەوە بەمەبەستی جێبەجێكردنی سزاكەی، وەك ‏ئەوەی ئەندامێكی ئەنجومەنی فەرهەنگی كۆمەڵایەتیی نۆژین دەیڵێت.‏

ئەمڕۆ زارا موحەمەدی، بەرپرسی گشتیی ئەنجومەنی فەرهەنگی كۆمەڵایەتیی نۆژین ‏چووە بەردەم دادگای سنە، پاش ئەوەی لەلایەن دادگاوە بڕیای پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا ‏سەپێنرا.‏

ئەندامێكی ئەنجومەنەكە، كە نەیویست ناوی ئاشكرابكرێت، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ‏ڕاگەیاند، “ئێستا لەبەردەم دادگاین بۆ دواماڵئاوایی، بڕیارە كاتژمێرێكی دیكە بەرەو ‏بەندینخانەی ناوەندیی سنە بگوازرێتەوە”.‏

وتیشی، “لەئێستادا سەرقاڵی جێبەجێكردنی كارە ئیدارییەكانە و دواتر بۆ جێبەجێكردنی ‏سزاكە دەگوازرێتەوە بۆ زیندان”.‏

پێشتر ئەنجومەنی فەرمانگی كۆمەڵایەتیی نۆژین، لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاشكرایكرد، پاش ‏ئەوەی سەرجەم ڕێچكە یاساییەكانیان لە قۆناغەكانی دادگای سەرەتایی و دادگای ‏پێداچوونەوە و دیوانی باڵا گرتووەتەبەر بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی سزاكە، بەڵام ‏سەرنجام سزاكە لەلایەن بەرپرسی گشتی دەزگای دادی پارێزگای سنەوە بە پێنج ساڵ ‏زیندانی سەپێنرا.‏

ئەندامی ئەنجومەنەكە وتیشی، تانەدانەكەیان بە بەكارهێنانی ماددەی 477 لەلایەن ‏بەرپرسی گشتیی دەزگای دادوەریی پارێزگای سنە ڕەتكراوەتەوە و سزاكەی ‏دووپاتكرایەوە.‏

زارا موحەمەدی، مامۆستای زمانی كوردی لەمانگی ئایاری 2019 دوای هێرشی ‏هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئێران بۆ سەر ماڵەکەی لە شاری سنە دەستبەسەر و دواتر بە ‏دانانی بارمتەی 700 ملیۆن تمەن بەشێوەی کاتی ئازادکرا.‏

موحەمەدی لە مانگی تەمموزی 2020 لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنەوە، بە ‏تۆمەتی پێکهێنانی گروپ لە دژی ئاسایشی نەتەوەیی ئێران، سزای 10 ساڵ بەندکرانی ‏بەسەردا سەپێنرا.‏

ئەوەش لەكاتێكدایە زارا موحەمەدی تەنیا ئەندامی ئەنجومەنی نۆژین بووە و دادگا ئەو ‏ئەنجومەنەی لە هەموو تۆمەتەکان بە بێتاوان ناساندووە.‏

دوای دروستبوونی ناڕەزایەتییەكی زۆر لەبارەی حكومەكەی، لەمانگی شوباتی ساڵی ‏ڕابردوو، دادگای پێداچوونەوەی سنە سزاكەی بۆ پێنج ساڵ کەمکردەوە.‏

زارا تەمەن 30 ساڵ و لەدایکبووی گوندی سەراوڵەی شاری دێولان سەر بە پارێزگای ‏سنەیە و بڕوانامەی کارناسیی باڵای جیۆپۆلەتیكی لە زانکۆی “بیرجەند” وەرگرتووە.‏

ئەو چالاکە مەدەنییە ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە کە لە گوندەکانی دەوروبەری سنە و ناو ‏شاری سنە وانەی کوردی دەڵێتەوە.‏

حەوت ساڵ لەمەوبەر، زارا، یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی فەرهەنگی ‏کۆمەڵایەتی نۆژین بوو و دواتر بەکۆی دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی ڕێكخراوەكە وەکو ‏بەرپرسی گشتیی ڕێکخراو هەڵبژێردرا.‏

ئەنجومەنی نۆژین یەکێک لە ئەنجومەنە فەرهەنگی و کۆمەڵایەتییەکانی پارێزگای سنەیە، ‏کە لە چەندین شار و ناوچەی ئەو پارێزگایە وەک سنە، کامیاران، دێولان، سەقز و بانە ‏لقی هەیە و چالاکی دەکات.‏

بابەتی پێشتر

کەشناسیی عێراق: ناوەڕاستی هەفتە لە هەرێم بارانبارین دەستپێدەکاتەوە

بابەتی دواتر

چۆن پشیلەکان کێشەیان بۆ پڕۆژەیەکی ئیلیۆن مەسک دروستکردووە؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share