دوو چالاكوانی بادینان ئازادكران

چالاكوانانی زیندانیكراو شڤان سەعید، هەریوان عیسا و ئەیاز كەرەم

دوو كەس لە چالاكوانە زیندانیكراوەكانی بادینان ئازادكران و سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگری دەڵێت، ئازادكردنی چالاكوانی سێیەم دەكەوێتەسەر بڕیاری دادوەری ئێشكگر.

بەشدار حەسەن، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی بەرگری لە چالاكوانانی بادینان بە تۆڕی میدیایی ئێستای راگەیاند، هەریەك لە شڤان سەعید و هەریوان عیسا ئەوراق و رێوشوێنەكانی ئازادكردنیان تەواوبوو، ئازادكران بە كەسوكاریان شادبوونەوە

وتیشی، “تەنها ئەیاز كەرەم ماوە، ئەگەری هەیە شەو بە كەفالەت لای حاكم خەفەر ئازادبكرێت”.

ئەیاز كەرەم بەمدواییە دۆسیەیەكی لە بنكەی پۆلیسی كەسنەزان بۆ كراوەتەوە بە ماددەی 2ی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی، بەشدار حەسەن وای وت.

دەربارەی ئەوەی ئایا ئەو دۆسیەیە كێشە بۆ ئازادبوونی دروستدەكات سەرۆكی تیمی پارێزەران وتی، بواری ئازادبوونی بە كەفالەت تیایە و دەمێنێتەوە سەر بڕیاری دادوەری ئێشكگر.

بڕیاربوو هەر ئەمڕۆ گوهدار زێباری كە یەكێكی دیكەیە لە چالاكوانانی زیندانیكراوی بادینان ئازادبكرێت، بەڵام دوێنی لە دانیشتنێكی دادگادا بەبێ ئاگاداركردنەوەی پارێزەرانی بە حەوت مانگی دیكە زیندانیكردن سزادرا، تەنها بە تۆمەتی گۆڕینی لۆگۆی ئۆتۆمبێل.

دوێنێ کامەران سارمەمی پارێزەری زیندانیکراوی بادینان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، “پێشتر لەلایەن دادگای تاوانی دوو تۆمەتی ئەوە ئاراستەی گۆهدار کرابوو کە ئەو ئۆتۆمبێلەی پێیبووە هی کۆمپانیای دایۆیە، بەڵام لۆگۆی تۆیۆتای بە پێشەوە بووە”.

ئاشکراشیکرد، “مۆدیلی ئۆتۆمبێلەکە کۆن بووە، پێشتر کە تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە پارچەی نەبووە، بۆیە ئەو پێشەی پێوەکراوە، هیچ تاوانێکیشی پێوەنەکراوە”.

هەروەك سزای شێروان شێروانی تا ئەیلولی ئەمساڵ درێژكراوەتەوە.

لە 16ی شوباتی 2021 دادگای تاوانەكانی هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هەریەك لە چالاكوانانی بادینان (هەریوان عیسا، ئەیاز ئەكرەم، شێروان شێروانی، شڤان سەعید و گوهدار زێباریی) دەركرد، دواتر بەهۆی ناڕەزایەتی و دەنگدانەوەكانەوە لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمەوە سزاكەیانی بە رێژەی 50% كەمكردەوە.

بابەتی پێشتر

لە رووداوێکی هاتوچۆدا باوک و کوڕێک گیانیان لەدەستدا

بابەتی دواتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی و ئەیاد عەلاوی کۆبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share