وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ سەنگەرەکانی پێشمەرگە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند مووشەکەکان لە ڕۆژهەڵات و باشووری ناحیەی پردێوە ئاراستەکراون.
لەڕاگەیەندراوەکەی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە، “ئێوارەی ئەمڕۆ کاتژمێر 7:25 خولەک، ژمارەیەک مووشەکی کاتیۆشا، لە ڕۆژهەڵات و باشووری ناحیەی پردێ (ئاڵتون کۆپری)، بەشێوەیەکی هەڕەمەکی لە سنوری میحوەری پێنج ئاراستەی سەنگەرەکانی هێزەکانی پێشمەرگە کران”.
ئاماژە بەوەشکراوە، مووشەکەکان لەدەرەوەی سەنگەرەکانی پێشمەرگە کەوتوون و هیچ سەنگەرێکی پێشمەرگەیان نەپێکاوە، هاوکات هیچ زیانێکی گیانی و ماددی لێ نەکەوتووەتەوە.
وەزارەتی پێشمەرگە ڕاشیگەیاندووە، هێزەکانی پێشمەرگە دەستیان بە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان لەوبارەیەوە کردووە.