ڕێككەوتنی عێراق لەگەڵ وڵاتاندا پەیوەندی بە هەرێمەوە هەیە؟

لەماوەكانی ڕابردوودا حكومەت عێراق چەند ڕێككەوتنێكی لەگەڵ بەشێك لە وڵاتانی ئەوروپا و چەند وڵاتێكی عەرەبی واژووكرد، پەرلەمانتارێكی كوردیش دەڵێت، ئەو ڕێككەوتنانە هیچ پەیوەندییەكیان بە هەرێمەوە نییە.

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ئەو ڕێككەوتنانە پەیوەندییان بە هەرێمەوە نییە لەبەر ئەوەی زۆربەی ڕێككەوتنەكانی عێراق لەگەڵ وڵاتان خزمەتگوزارین ئەوەش بۆ شارەكانی عێراقە كە بوندیاد بنرێنەوە”.

ئەو پەرلەمانتارە لەبارەی پشكی هەرێم لەو قەرزەی حكومەتی عێراق داوای كردووە ئاشكرایكرد، “ئەو قەرزەی حكومەتی عێراق داوای كردووە بیكات بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەیە، لەو بودجەیەش پشكی هەرێم دیاری دەكرێت، كەواتە بەرژوەندیی هەرێمیشی تێدایە”.

نوێترین ڕێككەوتنی عێراق لەگەڵ سعودیە

لیژنەی سیاسی و ئەمنی و سەربازیی عێراق و سعودیە، بە سەرۆكایەتیی فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق و فەیسەڵ بن فەرحان ئال سعوود وەزیری دەرەوەی سعودیە، ئەمڕۆ دووشەممە 9ی تشرینی دووەم لە بەغداد كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا كە وەزیری دەرەوەی سعودیە لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بەشداربوو، هەردوولا لەسەر چەندین بابەتی سیاسی و ئەمنی و سەربازی ڕێككەوتن.

وەك ڕاگەیاندراوی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاشكرایكردووە، ڕێككەوتنەكە ئەم خاڵانەی لای خوارەوە لەخۆدەگرێت:-
– بەردەوامبوونی هەردوو وڵات لە هاوئاهەنگی و كاری پێكەوەیی لە بوارەكانی سیاسی و ئاسایش و سەربازی دا.
– كاركردن بۆ هێنانەئارای بۆچوونی هاوبەش سەبارەت بەو دۆسیە و پرسانەی بۆ عێراق و سعودیە گرنگن.
– كارئاسانیكردن بۆ كردنەوەی پاشكۆی بازرگانیی سعودیە لە باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە بەغداد.
– بە زووترین كات دەروازەی سنووریی عەرعەر بكرێتەوە.
– ئاسانكردنی ڕێوشوێنەكان بۆ هاتوچۆكردنی پیاوانی خاوەنكاری هەردوو وڵات.
– هەوڵدان بۆ لابردنی ڤیزا لەنێوان هەردوو وڵاتدا بۆ هەڵگرانی پاسپۆرتی دیپلۆماتی و خزمەتگوزاری و تایبەت، بەدرێژایی كاتەكانی ساڵ جگە لە وەرزی حەج.
– ڕاوێژ و كاری پێكەوەیی و پشتیوانیكردنی یەكتری لە كۆنگرە و كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكاندا.
– بەهێزكردنی هاوئاهەنگیی ئەمنی و هەواڵگیری لە بەگژداچوونەوەی تاوان و قاچاخ دا.
– هەردوو وەزارەتی ناوخۆی عێراق و سعودیە پەلە بكەن لە ئیمزاكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی ئەمنی دا.
– عێراق و سعودیە لێكتێگەیشتنێكی سەربازی واژۆبكەن و هاوئاهەنگیی سەربازی لەنێوانیاندا بێتەكایەوە و مەشقی سەربازیی هاوبەش بكەن، ئەزموونی سەربازیی ئاڵوگۆڕ پێبكەن و لەڕووی لێكۆڵینەوە و پلانی ستراتیژییەوە پێكەوە كاربكەن، پاشكۆی سەربازی لە باڵیۆزخانەكانی هەردوو وڵات لە بەغداد و ڕیاز بكەنەوە.
– سعودیە بەردەوام بێت لە پشتیوانیكردنی عێراق لە شەڕی دژ بە داعش دا.
– هەردوو وڵات بۆچوونێكی هاوبەش گەڵاڵە بكەن سەبارەت بە دۆزەكانی ناوچەكە وەك فەڵەستین و سوریا و توركیا و لیبیا و یەمەن.

واژۆكردنی ئەو ڕێككەوتنە لەنێوان عێراق و سعودیە دا، دوای ئەوە دێت دوێنێ یەكشەممە 8ی تشرینی دووەم، مستەفا كازمی سەركۆوەزیرانی عێراق، لەڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە لەگەڵ شا سەلمان بن عەبدلعەزیز پادشای سعودیە دا كۆبووەوە.

هەر دوێنێ ئەو شاندەی سعودیە كە ئەمڕۆ ڕێككەوتنەكەیان كرد، گەیشتنە بەغداد و لەگەڵ مستەفا كازمی دا كۆبوونەوە.

بابەتی پێشتر

كەسوكاری كچە كوژراوەكەی سلێمانی لەبارەی ڕوداوەكەوە چی دەڵێن؟

بابەتی دواتر

ڤاكسینە ئەمریكییەكە لەسەر دەیان هەزار كەسی ناوچە جیاوازەكانی جیهان تاقیكراوەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share