سەرچاوە ئەمنییەکانی عێراق بڵاویانکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە مووشەکی جۆری گراد، هێرشکراوەتە سەر “ناوەندی بەغداد بۆ پاڵپشتیی دیپلۆماسی”، كە پێگەیەكی دیپلۆماسیی ئەمریكییەكانە و دەكەوێتە فڕۆكەخانەی بەغدادەوە.
سەرچاوە ئەمنییەکان ڕایانگەیاندووە، هێرشەکە لە نزیک کاتژمێر 3:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆدا ئەنجامدراوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانییان نەبووە.
”ناوەندی بەغداد بۆ پاڵپشتیی دیپلۆماسی” ناوەندێكی دیپلۆماسیی تایبەتە بە ئەمریكا، پێشتر شوێنی ناوەندەكە بنكەیی سەربازیی “ڤیكتری” بووە.
هەر بەپێی میدیای عێراقی، هێزە ئەمنییە عێراقییەکان گەیشتوون بەو شوێنەی هێرشەکەی لێوە ئەنجامدراوە، ئەو بنکەیەی (ئۆتۆمبێل) مووشەکەکانی لێوە ئاراستەکراوە دۆزراوەتەوە و لە گەڕەكی جیهاد لە بەغدادەوە ئاراستەكراون، دوو مووشەکی دیکەی نەتەقێنراوی لێبووە.