بریکاری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان ڕەتیدەکاتەوە هیچ حاڵەتێکی گۆڕاوی ئۆمیکرۆن ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەبێت، هەرچەندە جەختدەکاتەوە بەپێی ئەزموونی شەپۆلەکانی پێشوو لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئۆمیکرۆن دەگاتە عێراق و هەرێم.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدوون بریکاری وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان وتی، “لە هەفتەی ڕابردوودا حاڵەتێکی گومانلێکراوی ئۆمیکرۆنمان هەبووە لە هەرێمی کوردستان، نمونەمان ناردووە بۆ بەغداد بۆ یەکلاییکردنەوەی، بەڵام وەک حاڵەتێکی پۆزەتیڤ تۆمارنەکراوە، بۆیە تائێستا هیچ حاڵەتێکی ئۆمیکرۆن لە هەرێمی کوردستان بوونی نییە”.
بریکاری وەزیری تەندروستی باسی لەوەشکرد، کە چ گۆڕاوی ئۆمیکرۆن و چ گۆڕاوەکانی دیکەش ئامێرێکی تایبەتیان پێویستە کە لە هەرێمی کوردستان نییە، بۆیە بۆ یەکلاییکردنەوەی حاڵەتەکان نمونە ڕەوانەی بەغداد کراوە.
دکتۆر ڕەهێڵ فەرەیدوون وتیشی، “هەرچەندە تائێستا لە هەرێمی کوردستان هیچ حاڵەتێکی تۆمارکراوی ئۆمیکرۆن بوونی نییە، بەڵام بەپێی ئەو ئەزموونەی لە شەپۆلەکانی ڕابردوودا هەمانە، لە چەند هەفتەی داهاتوودا ئۆمیکرۆن دەگاتە عێراق و هەرێمی کوردستانیش”.