خوێندکارانی سەرجەم بەشەکانی پەیمانگای تەکنیکیی سلێمانی بەشێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرۆکایەتیی پەیمانگاکە، بڕیاریاندا بۆ ماوەی یەک هەفتەی دیكە نەڕۆنەوە هۆڵەکانی خوێندن، مامۆستایەکیش دەڵێت، “هیچمان پێناکرێت”.
مامۆستا شنۆ محەمەد بڕیاردەری بەشی گەیاندن لە پەیمانگای تەکنیكیی سلێمانی بەتۆڕی میدیایی ئێستای وت، “بڕیاری نەهاتنەوەی خوێندکاران سەرجەم بەشەکانە و ئەمڕۆ هیچ خوێندکارێک نەهاتووەتەوە بۆ پەیمانگا، بەپێی ئەوەی نوێنەرەکانیان بەئێمەیان ڕاگەیاندووە، تاوەکو هەفتەی داهاتوو دەوام ناکەن”.
سەبارەت بە هۆکاری ئەو بڕیارەی خوێندکاران و بوونی گرفت لە پەیمانگا، بڕیاردەری بەشی گەیاندن ڕایگەیاند، “ئێمە لە پەیمانگا و بەشە ناوخۆییەکانی سەربە پەیمانگاكە هیچ گرفتێکمان نییە، بەڵام پێشتر سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی و کۆلێژی تەکنیكی ڕایانگەیاند ئەم هەفتەیەش بەهۆی نۆژەنکردنەوەی بەشەناوخۆییەکان، خوێندکاران دەوام ناکەن”.
بۆیە بەرپرسەكەی پەیمانگای تەكنیكیی سلێمانی پێیوایە، هۆکاری بڕیارەکەی خوێندکارانی پەیمانگا بۆ “چاولێکەری” خوێنکاران دەگەڕێتەوە لەبڕیارەکەی زانکۆی سلێمانی.
وتیشی، “ناتوانین هیچ ڕێكارێكیان بەرامبەر بگرینەبەر، چونکە بڕیارەکە سەرجەم خوێندکارانی پەیمانگای گرتووەتەوە و تەنها بەشێک و دوو بەش نییە، بەڵکو سەرجەم خوێندکارانە و هیچمان پێناکرێت”.
پەیمانگای تەکنیکیی سلێمانی لە 17 بەش پێکهاتووە، کە بەسەرجەم بەشەکانی بەیانیان و ئێوارانەوە زیاتر لە دوو هەزار و 500 خوێندکارن.