عێراق یەكەم ساڵی بێ هێزە شەڕكەرە بیانییەكان دەستپێدەكات

لە نیوەشەوی ڕابردووەوە هەینی لەسەر شەممە، هیچ هێزێكی شەڕكەری بیانی لەسەر ‏خاكی عێراق نەماوە، بەپێی ئەو ڕێككەوتنەی پاش چوار گەڕی گفتوگۆ لەنێوان بەغداد و ‏واشنتن ئەنجامدرا، بەمەش لەمڕۆوە عێراق یەكەم ساڵی بێ هێزە شەڕەكەرەكان ‏دەستپێدەكات.‏

ڕێككەوتنەكە، كە چەند مانگێك گفتوگۆی خایاند و لە تەمموزی ساڵی ڕابردوو كۆتایی ‏هات، بەپێی ناوەڕۆكەكەی، هێزە شەڕەكەرەكانی سەر بە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی كە ‏لەلایەن ئەمریكاوە دژ بە داعش سەرۆكایەتی دەكرا، دەچنە دەرەوە، تەنها ژمارەیەكی ‏دیاریكراوی ڕاوێژكارانی سەر بە هاوپەیمانییەكە بۆ ڕێنوێنی و ڕاوێژ بە هێزە ‏عێراقییەكان دەمێننەوە.‏

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە یەكەم ڕاگەیەندراوی خۆیدا لە ساڵی 2022 ‏وتی، ساڵی ڕابردوو “ساڵی چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەكان بوو لە عێراق، گۆڕینی بە ‏ژمارەیەك لە ڕاوێژكاران بۆ پشتیوانی لە هێزەكانمان لە جەنگی دژ بە داعش، پاش ئەوەی ‏هێزەكانمان سەركەوتووبوون لە لەناوبردنی گەورە سەركردەكانی ڕێكخراوە ‏تیرۆرستییەكە”.‏

كازمی وتیشی، ساڵی 2022 ساڵی گەڕانەوەی متمانەی گەلە بە دامەزراوەكانی دەوڵەت.‏

سایتی عەرەبی جدید لە زاری گەورە بەرپرسێكی حكومییەوە بڵاویكردەوە، حكومەت ‏هەوڵی گەوەیدا لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا بۆ زامنكردنی جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە ‏و دوورخستنەوەی وڵات لە قەیرانێكی ئەمنیی دیكە و دۆخی ناسەقامگیر.‏

هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە سەرۆكایەتی واشنتن لە ساڵی 2014دا هاتە ناو ‏عێراق پاش كۆنتڕۆڵكردنی چەند شارێك لە باكوور و ڕۆژئاوای عێراق لەلایەن داعشەوە.‏

هاوپەیمانییەكە بەشداربوو لە ئازادكردنی شار و ناوچەكان لەدەست چەكدارانی داعش، تا ‏ئەوەی عێراق لە ساڵی 2017دا سەركەوتنی بەسەر داعشدا ڕاگەیاند، سەرەڕای ئەوەی ‏هێرشی ناوبەناو و بۆردومانی ئاسمانی هاوپەیمانان بۆسەر پاشماوەی چەكدارانی ‏ڕێكخراوەكە تا ئەمدواییە بەردەوام بوو.‏

بابەتی پێشتر

هالاند لە ئیسپانیاوە بۆمبێکی تەقاندەوە

بابەتی دواتر

کۆتا ساتەکانی ساڵی 2021

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share