ماوەی پێنج ساڵە شاری ڕەقە لە سوریا لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە لە دەستی داعش ڕزگارکراوە، شەوی ڕابردوو جارێکی دیکە سیمای پێشووتری پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ لە شارەکە بیندرا، دوای ئەوەی داعش لەماوەی چەند ساڵی دەسەڵاتی، سیماکانی لە شارەکە داماڵیبوو.
دانیشتووانی ڕەقە بە ڕازاندنەوەی دار و شەقامەکان پێشوازییان لە ساڵێکی نوێ کرد، بەئومێدن وردە وردە سیمای وێرانیی شارەکەیان کاڵببێتەوە.
ڕەقە لە پایتەختی مەسیحییەکانەوە بۆ پایتەختی داعش
شاری ڕەقە لە ساڵی 244ی زاینی لە سەردەمی “سلوکیان”ــەکاندا دروستکرا، دواتر لەلایەن ئیمپراتۆریی ڕۆمی ڕۆژهەڵاتییەوە داگیرکرا و دواتریش لەلایەن ئیمپراتۆریی ساسانییەوە وێرانکرا، دواتر لە سەدەی شەشەمدا لەلایەن میراتگریی ئیمپراتۆریی ڕۆمی ڕۆژهەڵاتییەوە دووبارە بونیادنرایەوە.
شاری ڕەقە لەسەردەمی دەسەڵاتی دووەمی ڕۆمی ڕۆژهەڵاتیدا ناوەند و پایتەختی مەسیحییەکانی سوریا بوو، تا کاتێک لەلایەن خەلیفە هارونە ڕەشیدەوە لەسەردەمی دەسەڵاتی عەباسیدا داگیركرایەوە.
دوای شەڕی ناوخۆی سوریا و لە ساڵی 2013وە ڕەقە کەوتە دەستی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی سوری، دواتریش لە ساڵی 2016 لەلایەن داعشەوە کرایە پایتەختی دەوڵەتە ئیسلامییەكەی، بەڵام لە ساڵی 2017دا لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە ڕزگارکرایەوە.