هێرشی تورکیا ڕۆژئاوای کوردستانی ڕووبەڕووی شەپۆلی ئاوارەبوون كردووەتەوە

هەزاران کەس لە ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیاوە لەهەفتەی ‏ڕابردوودا ئاوارەبوون، ئەوەش بە گەورەترین شەپۆلی ئاوارەبوون دادەنرێت لە دوو ساڵی ‏ڕابردوودا. ‏

ڕۆژنامەی ئیندیپێندنت-ی بەریتانی بڵاویکردەوە، ئەو شەپۆلی ئاوارەبوونە دوای ئەوە دێت ‏کە لە دوایین بۆردومانی تورکیادا بۆسەر ناوچەکانی پارێزگای حەسەکە، لانیکەم 10 ‏هاوڵاتیی کورد شەهیدبوون، کە لەناویاندا منداڵێکی تەمەن شەش مانگ هەبووە. ‏

هەروەها ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاشکرایکردووە، تورکیا لەماوەی چەند ‏هەفتەی ڕابردوودا هێرشەکانی بۆسەر ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان چڕکردووەتەوە. ‏

ئەو شوێنانەی تورکیا بۆردوومانیان دەکات ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای ‏دیموکراتن لە ڕۆژئاوای کوردستان.‏

ئەمە لەکاتێکدایە ئەو ناوچەیەی ڕۆژئاوای کوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێکی توندی ‏بێئاوی و وشکبوونەوە بووەتەوە لەماوەی 70 ساڵی ڕابردوودا، گرفتەكەش بەهۆی ‏گرتنەوەی ئاو لەلایەن توركیاوە سەریهەڵداوە،. بۆیە هۆشداری لەمەترسیی برسێتی لەساڵی ‏‏2022 لەو ناوچەیە دراوە.‏

جگە لە فشار و بۆردوومانەكانی توركیا، داخستنی خاڵی سنووریی نوووان ڕۆژئاوا و ‏هەرێمی كوردستان، كە تاکە دەروازەی ناردنی پاڵپشتی و پێداویستیی خۆراکی و ‏پزیشکییە بۆ ناوچەکە، یەکێکی دیکەیە لەو کاریگەرییانەی ڕۆژئاوای كوردستانی تووشی ‏قەیران کردووە. ‏

لە هەفتەی ڕابردووشدا ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی زەنگی مەترسیی لەبارەی دۆخی ‏سوریاوە لێدا، ڕایگەیاند، دەستپێکردنەوەی شەڕ لەسوریا وایکردووە 140 هەزار کەس کە ‏پێویستییان بە فریاگوزاریی تەندروستییە، ئاوارەببن.‏

نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژەی بەوەکردووە، هەزار و 200 خێزان لە ڕۆژئاوای ‏کوردستان  و پارێزگای حەسەکە لە هەفتەی ڕابردوودا ئاوارەبوون، دەشڵێت، تائێستا ئەو ‏ناوچەیە شەپۆلی ئاوارەبوونی بەرفراوانی هاوشێوەی بەخۆوە نەبینیوە لەوەتەی تورکیا ‏هێرشی بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان دەستپێکردووە لەساڵی 2019وە.‏

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

“ئەگەر گۆڕان دەنگبدات بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان لادانە لە ڕێبازی بزوتنەوەكە”

پەرلەمانتارێكی پێشووی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان هیچ بیانوویەك هەڵناگرێت و جەختیشدەكاتەوە، “ئەگەر…
Total
0
Share