ئەو مووشەكەی ئێران ڕەوانەی بۆشایی ئاسمانی كرد و مانگێكی دەستكردی هەڵگرتبوو، شكستیهێنا لە دانانی بارەكەی لە خولگەی دیاریكراو، دوای ئەوەی سەركەوتوو نەبوو لە گەیشتنە خێرایی پێویست، وەك ئەوەی وتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئێران ڕایگەیاند.
ئەحمەد حسەینی، وتەبێژی وەزارەتەكە ڕوونیكردەوە، بۆ ئەوەی مووشەكەكە بارەكەی دابنێت، پێویستە خێراییەكەی بگاتە سەرووی 7600 مەتر لە چركەیەكدا، بەوتەی ئەو، مووشەكەكەی ئەوان گەیشتووەتە خێرایی 7.350 مەتر لە چركەیەكدا.
حسەینی ڕوونینەكردەوە ئایا مووشەكەكە گەیشتووەتە خولگەكە، بەڵام ئاماژەی بەوەدا كە هەڵدانەكە تاقیكردنەوە بووە بەر لە هەوڵەكانی دیكە بۆ دانانی مانگی دەستكرد لە خولگەدا.
ئێران كە خاوەنی یەكێك لە گەورە بەرنامە مووشەكییەكانە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست، بەدەست چەندین هەوڵی شكستخواردووی هەڵدانی مانگی دەستكرد لە چەند ساڵی كەمی ڕابردوودا دەناڵێنێت، بەهۆی كێشەی هونەرییەوە.
ئێران یەكەم مانگی دەستكردنی خۆی بەناوی “ئومێد” لە ساڵی 2009 هەڵدا، هەروەها مانگی دەستكردی “ڕەسەد” (بەواتای چاودێری) لە ساڵی 2011دا ڕەوانەی خولگە كرد.
لە ساڵی 2012شدا ڕایگەیاند سەركەوتوو بووە لە دانانی سێیەم مانگی دەستكردی دروستكراوی ناوخۆیی “ناڤید” (بەواتای بەڵێن) لە خولگەدا.
لە نیسانی 2020یش وتی، سەركەوتوو بووە لە دانانی یەكەم مانگی دەستكردی سەربازی لە خولگەدا، پاش چەند هەوڵێكی هەڵدانی شكستخواردووی یەك لەدوای یەك.
پێنجشەممەش ئێران هەڵدانی دوا مووشەكی بۆ بۆشایی ئاسمان كە هەڵگری كەلوپەل بۆ مەبەستی توێژینەوە بوو ڕاگەیاند، بەرلەوەی شكستخواردنی ئەمەیان ڕابگەیەنێت.