2021.. وێنەی جیهانێكی پڕ لە ڕووداوی گەرم

مانگەكانی ساڵی 2021 تەنها لە چواردەوری پەتای كۆرۆنادا نەدەگەڕا، بەڵكو لە ‏هەڵكوتانەسەر بینای كاپیتۆڵ لە واشنتن تا دۆخی كۆچبەران لەسەر سنوورەكانی ‏پۆڵەندا و بیلاڕوسیا و دواجاریش بە كۆتاییهاتنی سەردەمی مێركڵ گەیشت، ‏دیارترین ڕووداوەكانی 2021 ئەمانەن‎:‎

هەڵكوتانەسەر بینای كاپیتۆڵ

دۆناڵد ترەمپ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی ئەمریكای لە تشرینی دووەمی 2020 ‏دۆڕاند، بەڵام زۆرێك لە لایەنگرانی قبوڵكردنی ئەنجامەكانیان ڕەتكردەوە، بۆیە ‏پلانیان دانا بۆ هێرش و هاوكات لەگەڵ ڕاستاندنی بردنەوەی جۆ بایدن، لە 6ی ‏كانونی دووەم هێرشێكی توندیان كردەسەر بینای كاپیتۆڵ لە واشنتن، سیمبولی ‏دیموكراسییەت لە ئەمریكا، ئەمەش بە ڕووداوێكی بێپێشینە و جیاكەرەوە لە ‏مێژووی ئەمریكادا دانرا‎.‎

دەستبەكاربوونی جۆ بایدن

یاخیبووە لایەنگرەكانی ترەمپ شكستیانهێنا لە وەستاندنی گواستنەوەی ئاشتییانەی ‏دەسەڵات لە ویلایەتە یەكگرتووەكان، پاش دوو هەفتە و بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ‏ئەمنیی توند، جۆزێف ڕۆبینیت بایدن (77 ساڵ) سوێندی یاسایی خوارد و بووە 46-‏ەمین سەرۆكی ئەمریكا‎.‎

كودەتای سەربازی لە میانمار

پارتی كۆبەندی نیشتمانیی لەپێناو دیموكراسییەت بە سەرۆكایەتی ئۆنگ سان ‏سوكی، لە هەڵبژاردنی گشتی لە كۆتاییەكانی ساڵی 2020 بردنەوەی بەدەستهێنا، ‏بەڵام سوپا كە تائێستا خاوەن دەسەڵاتە لە وڵاتدا، كودەتای بەسەر حكومەتدا كرد و ‏سەركردە بەناوبانگەكە و ژمارەیەك لە لایەنگرانی دەستگیركرد.‏

كودەتاكە ناڕەزایی میللی بەرفراوان و ڕووبەڕووبوونەوەی بەدواداهات‎.‎

گیرخواردنی كەشتییەك و داخرانی نۆكەندی سوێس

بۆ ماوەی نزیكەی هەفتەیەك نۆكەندی سوێس-ی میسری داخرا، كە یەكێكە لە ‏گرنگترین ڕێڕەوە ئاوییەكانی گواستنەوەی شمەك لە جیهاندا، ئەوەش بەهۆی گەورە ‏كەشتی گوێزەرەوەی (ئیڤەر گیڤن – ‏Ever Given‏)، بەهۆیەوە گواستنەوەی دەریایی ‏نێودەوڵەتی لەنێوان هەردوو دەریای سوور و ناوەڕاست وەستا، زیانەكەی بە ‏ملیارەها دۆلار بوو‎.‎

هندستان و كارەساتی كۆرۆنا

لە نیسان-دا ڤایرۆسی كۆرۆنا بە توندی هندستانی گرتەوە، بەهۆی بڵاوبوونەوەی ‏گۆڕاوی دەلتاوە ژمارەكانی تووشبوون بەشێوەیەكی بەرچاو بەرزبووەوە، ‏نەخۆشخانەكان پڕبوونەوە، بەدەستهێنانی ئۆكسجینی پزیشكی ئەستەم بوو، شوێنی ‏سوتاندنی تەرم لە دەلهی پڕ و سەرقاڵ بوو، سووتاندنی بەكۆمەڵی قوربانییان چەند ‏ڕۆژێك بەردەوام بوو، تا ئەوكاتەی شەپۆلی پەتاكە لە حوزەیراندا هێوربووەوە‎.‎

سەری سەرانی سیاسی لە خاشاك

شاخی (ڕیسایكلمۆر -‏Recyclemore ‎‏) ناوی ئەو بەرزاییە بوو كە وێنەی سەرانی ‏كۆمەڵەی حەوتی لەسەر نەخشێندرابوو، وەك گاڵتەئامێزییەكی هاوشێوەی شاخی ‏‏(راشمور)ی ناسراوی ئەمریكی. ‏

چالاكوانان ئەم شاخەیان لە لوتكەی حەوتدا بەكارهێنا كە لە حوزەیران لە ناوچەی ‏كۆرنوول-ی ئینگلیزی ئەنجامدرا، ئەمەش وەك  پیشاندانی ناڕەزایی بەرامبەر ‏زیادبوونی پیسبوونی ژینگە و شكستی حەوت گەورە وڵاتە پیشەسازییەكە لە ‏گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست بۆ سنووردانان بۆ گرفتی ئاووهەوا‎.‎

‎100 ‎‏ ساڵ بەسەر دامەزراندنی حزبی شیوعیی چین

خوێندكارانی چین ئاهەنگیان گێرا بەبۆنەی یادی دامەزراندنی حزبی شیوعیی ‏دەسەڵاتداری وڵات لە گۆڕەپانی تیانانمین لە پەككین. ‏

ئاهەنگەكە لە 1ی تەمموز بە چەندین نمایشی جۆراوجۆر بەڕێوەچوو‎.‎

ئۆڵیمیپاد

بڕیاربوو یارییەكانی ئۆڵیمیپاد لە تۆكیۆ لە ساڵی 2020 ئەنجامبدرێت، بەڵام بەهۆی ‏بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە بۆ ماوەی ساڵێك دواخرا، دوای ئەوە، چالاكییەكە بەبێ ‏ئامادەبوونی جەماوەر بەڕێوەچوو‎.‎

لافاوی وێرانكەر لە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا

بە دەگمەن ئەڵمانیا ڕووبەڕووی كارەساتی سروشتی لەوجۆرە بووەوە، پاش چەند ‏ڕۆژێك لە بارانی بەهێز، ئاوی دەریاكان بۆسەر ناوچە وشكانییەكان لە ڕۆژئاوای ‏ئەڵمانیا بڵاوبووەوە، دەریاكان بەخێرایی چەند مەترێك بەرزبوونەوە، بەهۆیەوە ‏لانیكەم 143 كەس گیانیان لەدەستدا‎.‎

هاتنەوەی تاڵیبان و هەڵاتن لە كابول

دەیان ئەفغانی پێكەوە لەناو فڕۆكەیەكی سەربازیی ئەمریكادا كۆبوونەوە بۆ ئەوەی ‏بگەیەندرێنە قەتەر، لە یەكێك لە گەورەترین پرۆسەكانی گواستنەوە لەمێژوودا.‏

زیاتر لە 100 هەزار كەس گواسترانەوە كە پاش ڕووخانی خێرا و لەناكاوی كابول ‏و گەوتنەژێر دەستی تاڵیبان ڕووبەڕووی ترس و تۆقان ببوونەوە. ‏

ئەمە كۆتایی كارەساتباری ئەو ئەركە بوو كە بۆ ماوەی 20 ساڵ بە سەرۆكایەتیی ‏ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ئەفغانستان بەردەوام بوو‎.‎

كۆچبەران و دۆخی سنوورەكان

تائێستا خوازیارانی كۆچ لە خەڵكانی هەرێمی كوردستان، عێراق، ئەفغانستان و ‏وڵاتانی دیكە لەسەر سنوورەكانی نێوان بیلاڕوسیا و پۆڵەندا ماونەتەوە، بە ئامانجی ‏فشاركردنەسەر یەكێتیی ئەوروپا، ئەلیكساندەر لۆكاشینكۆ-ی سەرۆكی بیلاڕوسیا ‏كارئاسانی بۆ هەزاران كەس لە كۆچبەران كرد بۆ گەیشتنە سنوورەكان، بەڵام ‏یەكێتیی ئەوروپا نایەوێت بەزۆر ناچار بە بڕیار بكرێت. ‏

لەكۆتاییدا زەرەرمەندانی ئەم یارییە خودی كۆچبەران بوون، كە هەندێكیان سەرما ‏و بەستەڵەك لە مەرگ نزیكیكردنەوە، جگەلەوانەی بەكردەیی لەو سنوورانەدا ‏گیانیان سپارد‎.‎

پەڕینەوە بەرەو بەریتانیا.. بەڵام

لە باكووری فەرەنساش، بێئومێدی بەرۆكی زۆرێك لە كۆچبەرانی گرتووە كە ‏دەیانەوێت بە بەلەمی بچوكی چوپ و لاواز گەشتی پڕ لە مەترسی بەرەو ئینگلتەرا ‏بكەن. ‏

ئەمساڵ تەرمی زۆرێك لە ئاوەكانی مانش دۆزرانەوە، زیاتر لەهەر كاتێكی پێشوو.‏

تەنها لە كۆتایی تشرینی دووەمی ڕابردوودا لانیكەم 27 كۆچبەری كورد گیانیان ‏لەدەستدا، كە تەرمی 16یان دۆزرانەوە و گەڕێندرانەوە باشووری كوردستان، تا ‏ئێستا تەرمی 11یان دیارنییە.‏

جیهان لە مەحەكدا

زۆرێك چاوەڕوانیی زۆریان هەبوو بۆ كۆنگرەی ئاووهەوای ئەمساڵ لە گلاسكۆ، ‏بەڵام چی هاتەدی؟ لە ڕاگەیەندراوی كۆتایی كۆنگرەی‎ (COP26) ‎وڵاتان بەڵێنی ‏وەستاندنی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرمیان بۆ زیاتر لە 1.5 پلەی سەدی دا، لەگەڵ ‏سنووردانان بۆ بەكارهێنانی خەڵوز، بەڵام وڵاتان ڕوونیان نەكردەوە كە ئەو كارانە ‏چۆن دەكەن؟ بۆیە ئەو پرسیارە ڕەوایە كە ئایا كۆنگرەكە سەركەوتوو بوو، یان ‏تەنها باڵۆنێكی پڕ لە هەوا بوو؟

ماڵئاوایی مێركڵ

بۆ ماوەی 16 ساڵ ئەنگێلا مێركڵ سەرۆكایەتیی ئەڵمانیای كرد، سەركەوتووبوو لە ‏پەڕاندنەوەی وڵاتەكە لە زۆرێك لە گرفت و ئاستەنگەكان، تا ئەوەی ماوەی ‏ویلایەتەكەی لە 2021دا كۆتاییهات. ‏

مێركل لەمیانەی ئاهەنگێكی سەربازیی ماڵئاوایی كرد، ئیتر كاتی ئەوە هاتووە ‏ڕاوێژكاری پێشووی ئەڵمانیا پشوو بدات‎.‎

 

س: ‏DW

بابەتی پێشتر

یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی جیهان: لە 2021دا 45 ڕۆژنامەنووس لەکاتی کارەکانیاندا کوژراون

بابەتی دواتر

دەربەندیخان.. شوانێک بەهۆی تەقینەوەی مینەوە گیانیلەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share