یەکێتیی ڕۆژنامەنووسانی جیهان: لە 2021دا 45 ڕۆژنامەنووس لەکاتی کارەکانیاندا کوژراون

یەکێتیی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان ئاماری کوژرانی ڕۆژنامەنووسانی لە ساڵی 2021دا بڵاوکردەوە و بەپێی ئامارەکە 45 ڕۆژنامەنووس لەکاتی کارەکانیاندا کوژراون و زۆرترینیان لە ئەفغانستان بووە.

ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەکردووە سەرجەم ئەو ڕۆژنامەنووسانەی کوژراون لە 20 وڵاتدا کوژراون کە زۆرینەیان بەر وڵاتانی ئەفغانستان، مەکسیک، هیندستان و پاکستان دەکەوێت.

بەپێی ئاماری ئاشکراکراوی ڕێکخراوی یەکێتیی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان 2021 یەکێکە لەو ساڵانەی کەمترین ڕۆژنامەنووسی تێدا کوژراوە، لەماوەی 30 ساڵی  ڕابردوودا.

یەکێتییەکە دەڵێت، ئامارەکان دەریدەخەن زۆرترین ئەو ڕۆژنامەنووسانەی ڕووبەڕووی کوژران بوونەتەوە ئەوانەن کە کاریان لەسەر دۆسییەکانی گەندەڵی، خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات و تاوانە گەورەکان کردووە لەوڵاتەکانیاندا.

بەپێی ئامارەکە لە ساڵی 2021دا 45 ڕۆژنامەنووس کوژراون، لەکاتێکدا لەساڵی 2020دا 65 ڕۆژنامەنووس کوژراون، یەکێتیی نێودەوڵەتیی ڕۆژنامەنووسان باسلەوەدەکات ئەو ژمارە ڕۆژنامەنووسە لە 20 وڵاتی جیهان کوژراون کە 33 ڕۆژنامەنووسیان بەشێوەی ڕاستەوخۆ کراونەتە ئامانج.

یەکێتییەکە دەڵێت، زۆرترینیان لە ئەفغانستان کوژراون کە ژمارەیان نۆ ڕۆژنامەنووسە، هەشت ڕۆژنامەنووسیش لە مەکسیک، چوار لە هیندستان و سێ ڕۆژنامەنووسیش لە پاکستان کوژراون.

بەپێی ئاماری ڕێکخراوەکە لەسەرتاسەری جیهاندا 600 هەزار ڕۆژنامەنووس بوونیان هەیە، لەدوای ساڵی 1991ـەوە دوو هەزار و 721 ڕۆژنامەنووس لەکاتی کارەکانیاندا کوژراون.

بابەتی پێشتر

هیچ خوێندكارێكی چینی-ت بینیووە بە کوردی قسەبکات؟

بابەتی دواتر

2021.. وێنەی جیهانێكی پڕ لە ڕووداوی گەرم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share