دەستەی وەبەرهێنان: ساڵی 2021 دووەم ساڵی پڕ وەبەرهێنان بووە دوای ساڵی 2013

سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ساڵی 2021 ساڵێک بووە کە لەڕووی وەبەرهێنانەوە دوای ساڵی 2013 زۆرترین قەبارەی پارەی وەبەرهێنانی تێدا خراوەتەگەڕ.

محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان، ساڵی 2021ی بە ساڵێکی پڕ وەبەرهێنان ناوبرد و ڕایگەیاند، ئاماژەکان بۆ ئەمساڵ زۆر باشن کە لە دوای ساڵی 2013ـەوە بە باشترین ساڵ دادەنرێت لەڕووی وەبەرهێنانەوە.

وتیشی، ئەو پارەیەی لەمساڵدا وەبەرهێنانی پێکراوە نزیکبووە لەو بڕە پارەیەی لە ساڵی 2013دا وەبەرهێنانی پێکراوە، لەکاتێکدا 2013 بە ساڵێک دادەنرێت لە لوتکەی وەبەرهێناندایە لە هەرێمی کوردستان.

باسی لەوەشکرد، ئەم ئاماژە ئەرێنییانە لە ئەنجامی چەند هەنگاوێکەوەن کە حکومەتی هەرێم گرتوونیەتییەبەر، کە لەمساڵدا ڕێنمایی نوێ بۆ وەبەرهێنان دەرکرا، بەوپێیە دەبێت پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان بەشداربن لە دروستکردنی داهات، لەڕێگەی ئەم ڕێنماییانەوە بڕەپارەیەکی باش کۆکراوەتەوە کە دەکرێت دواتر بتوانێت پاڵپشتییەکی باشبێت بۆ وەبەرهێنان.

“بەپێی ڕێنماییەکان، حکومەتی هەرێم پاڵپشتیی سێ کەرتی سەرەکی دەکات لە هەرێمی کوردستاندا، ئەوانیش کەرتی کشتوکاڵ، کەرتی پیشەسازی و کەرتی گەشتوگوزارن و لە داهاتوودا هەنگاوێکی ئەرێنیی گەورە دەبێت”، بەوتەی سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان.

یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی گەشەی وەبەرهێنان بەپێی وتەی سەرۆکی دەستەکە، شۆڕکردنەوەی زۆرینەی دەسەڵاتەکانی دەستەی وەبەرهێنانە بۆ پارێزگاکان، کە دەسەڵاتەکانی پەسەندکردنی پڕۆژە و پێدانی مۆڵەت و وەرگرتنی ڕەزامەندییەکان ئێستا لە پارێزگاکان وەردەگیرێن، ئەمەش بۆ کەمکردنەوەی ڕۆتینە، کە دەکرێت لە ساڵی داهاتوودا ژمارەیەکی زۆری پڕۆژە مۆڵەتیان پێبدرێت.

وتیشی، دەکرێت لەڕێگەی پڕۆژەکانەوە حکومەتی هەرێم لە داهاتەکەی و خەڵکیش لەڕێگەی کارکردن لە پڕۆژەکان و سەرمایەدارانیش بە دروستبوونی سەقامگیرییەک لە بازاڕدا سوودمەندببن.

محەمەد شوکری ڕایگەیاند، لەمساڵدا بە دەرکردنی ڕێنمایی، پاڵپشتیی دەستی کاریان کردووە، ئەویش بەوەی هەر پڕۆژەیەک لە قۆناغی یەکەمدا پێویستە 75%ی کرێکارەکانی هاوڵاتییانی هەرێمی کوردستان بن.

بەپێی ئاماری دەستەی وەبەرهێنان، لە ساڵی 2021دا، 68 پڕۆژەی مۆڵەتپێدراو هەبوون، بەگوژمەی زیاتر لە هەشت ملیار و 500 ملیۆن دۆلار، هەروەها 902 پڕۆژەی پەسەندکراویان هەبووە، بەگوژمەی زیاتر لە 20 ملیار دۆلاری ئەمریکی.

ئاماژەی بەوەکرد، لەساڵی 2022دا 50 پرۆژە لەسەرتاسەری هەرێمی کوردستان جێبەجێدەکرێت، هەروەها نۆ ناوجەی پیشەسازیی نوێ جگە لەوانەی ئێستا کاریان تێدادەکرێت دروستدەکرێن.

بابەتی پێشتر

زیانی هەردوو لافاوەكەی هەولێر 26 ملیار دینار بووە ‏

بابەتی دواتر

مارک ویبەر: پێویستە فۆرمولا 1 ڤێرشتاپن لەئامێز بگرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

تۆمەتبارێکی داواکراو دەستگیرکرا

تۆمەتبارێک دەستگیرکرا کە لەلایەن پۆلیسی نێودەوڵەتی (ئینتەرپول) داواکراوە. بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین بڵاویکردەوە، لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی حاجیاوا تۆمەتبارێک…
Total
0
Share