لەمڕۆدا بۆ دووەمجار چەکدارانی داعش و هێزە عێراقییەکان پێکدادان لەنێوانیاندا ڕوویدا و بەهۆیەوە چوار چەکداری داعش کوژران و کوژراوێکیش لە هێزە عێراقییەکان هەیە.
دوای ئەوەی چەکدارانی داعش هەوڵدەدەن لەنێوان قەرەتەپە و ناحیەی گوڵاڵە جموجوڵبکەن بەڵام دەکەونە بۆسەی هێزە عێراقییەکانەوە و ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوانیاندا ڕوودەدات.
عەمید شەماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ئاسایشی کوڵەجۆ بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لەڕووبەڕووبوونەوەی نێوان هێزە عێراقییەکان و چەکدارانی داعشدا چوار چەکداری داعش لە گوندی ئەبولغازی لە زنجیرە چیای حەمرین کوژران، هەروەها ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش کوژرا و یەکێکی دیکەشیان برینداربوو.
یەکێک لەو چەکدارانەی داعش کە کوژراوە، عەبدولغەنی ئیبراهیم ڕەحیمە، كە بەرپرسی كوشتنی هەریەك لە ڕائید سمكۆ عەلی بەڕێوەبەری ئاسایشی كوڵەجۆ و ئاسۆی مام جلال مەسۆیی بەرپرسی ئۆپراسیۆنی ئاسایشی گەرمیان و ژمارەیەك پێشمەرگەی تر بووە لەسنووری کوڵەجۆ و گەرمەسێر ناوبراو خەڵکی گوندی تنێرەی ناحیەی گوڵاڵەیە.