ڕاپۆرتێکی ئەمریکی: پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرەتای کۆتاییهاتنی هەژموونی ئێرانە

دوای پاڵپشتیی دادگای فیدراڵیی عێراق بۆ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە دوێنێ دووشەممە پەسەندیکرد، سەرەتای پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دەستیپێکرد، ڕاپۆرتێکی ئەمریکیش ئەم هەنگاوە بە سەرەتای کۆتاییهاتنی هەژموونی ئێران لە عێراق ناودەبات.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت، “پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دانپێدانانی سەرکەوتنی موقتەدا سەدرە لە هەڵبژاردنەکان کە دەکرێت ببێتە هاوپەیمانێکی باشی ئەمریکا”.

ڕۆژنامەکە سەرکەوتنی ڕەوتی سەدر بە 73 کورسی لە کۆی 329 کورسی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق، بە شکستی میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق ناودەبات.

ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز سەرکەوتنی سەدر بە دروستبوونی ئاڵۆزی و تێکچوونی هاوسەنگیی هێزی شیعەکان دادەنێت کە پێشتر هاوپەیمانیی فەتح و هاوبەشەکانی باڵادەستبوون تیایدا، ئەمەش هەڕەشەیە لە هەژموونی ئێران لە پەرلەمانی عێراقدا.

دوای پەسەندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردن، موقتەدا سەدر سوپاسی لیژنەی هەڵبژاردن و دادگای فیدراڵیی عێراقی کردووە سەبارەت بەو بڕیارە و ڕایگەیاند، “حکومەتێکی زۆرینەی نیشتمانی پێکدەهێنن کە نە ڕۆژهەڵاتی و نە ڕۆژئاوایی بێت”.

لە لێدوانێکیشیدا بۆ لایەنە سیاسییە سەرنەکەوتووەکانی هەڵبژاردنی ئەمجارەی عێراق، سەدر هۆشداریدا لە داڕمانی سیستمی دیموکراسی لە عێراق، هەروەها داوای هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارەکانی ئەو لایەنانە و ڕادەستکردنەوەی چەکەکانیانی بە سوپای نیشتمانی کرد.

سەدر ناڕەزایی خۆی لە دەستوەردانی ئێران لە عێراقدا دەربڕی و لە لێدوانێکیشیدا دوای هەڵبژاردنەکان داوای لە باڵیۆزخانەکانی وڵاتان کرد دەستوەردان لە کاروباری عێراقدا نەکەن.

بابەتی پێشتر

چێوەی هەماهەنگی داوای كۆتاییهێنان بە خۆپیشاندان دەكات

بابەتی دواتر

وردەكاریی ژێرئاوكەوتنی سێ بەلەمەكەی كۆچبەران لە دەریای ئیجە ئاشكرادەكرێت

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

پەیامێك لە مستەفا كازمی-یەوە

سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامێكی بڵاوكردەوە و داوا لە هەمووان دەكات دووربكەونەوە لە تۆمەتباركردن و زمانی تەخوین و دەڵێت،…
Total
0
Share