سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی هۆشداریدا لەوەی مریشکی بەستوو بازاڕی ئەوانی شێواندووە و ئەگەر دۆخەكە بەو شێوەیە بەردەوامببێت، ئەوا دەرگای هۆڵەکانی بەرهەمهێنانی مریشک دادەخەن.
نازم عەبدوڵڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕایگەیاند، “ساڵانێکی زۆرە ئێمە داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین هاوردەکردنی مریشکی بەستوو ڕابگرن، مریشکی زیندوو بەشی هەموو بازاڕ و هەناردەکردنیش دەکات، ئێستاش ئەندامێکی پەرلەمان ئەو ڕێژە مەترسیدارەی لە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو ڕاگەیاندووە و ئەمە دەبێتە زیانێکی زۆر بۆ کەرتی پەلەوەر لە ناوخۆی هەرێم”.
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان وتیشی، “لەکاتێکدا وەزیری کشتوکاڵ هاوردەکردنی مریشکی بەستووی قەدەغەکردووە، بەڵام دەبینین و باس دەکرێت بەڕێژەیەکی بەرچاو مریشکی بەستووی تورکی و بەرازیلی لە بازاڕدا هەیە و دێتەناو هەرێم، لە مەرزێکەوە دێتەناوەوە لەکاتێکدا بەرهەمی ناوخۆ لەسەدا سەد بەشمان دەکات و توانای هەناردەکردنیشمان هەیە، بۆیە پێویستە حکومەت هاوکاریمان بکات”.
نازم عەبدوڵڵا ئاماژەی بەوەشدا، “ئەگەر حکومەت دەڵێت بازاڕ ئازادە با ڕێگەش بۆ ئێمە بکاتەوە و ئازادبین وەک خاوەن پڕۆژەکان لە هاوردەکردنی جوچک و عەلەف نەک لە ناوخۆدا قۆرخکاری بکرێت بۆ چەند کۆمپانیایەک”.
سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان ئاشکرایدەکات، “نرخی تۆنێك ئالیک نزیکەی 150 دۆلار بەرزبووەتەوە و نرخی هێنانی جوجک نزیکەی پەنجا سەنت بەرزبوەتەوە نرخی غازیش 500 هەزار دینار بەرزبووەتەوە بۆ هەر تۆنێک، بۆیە لێرەوە داوا لە حکومەتی هەریم دەکەین تازووە ڕێگریبکات لە هاوردەکردنی مریشکی بەستوو، ئەگەر بەدەم بانگەشەکەمانەوە نەیەت ناچاردەبین پەناببەین بۆ دادگای فیدراڵی و دەنگی ناڕەزایی خۆمان بگەیەنین بە هەموو كونسوڵگەرییەکانی وڵاتان لە هەولێر، ئەگەر ئەنجامیشی نەبێت ناچاردەبین هەموو هۆڵەکانمان دابخەین”.
لە سنووری پارێزگای سلێمانی 950 پڕۆژەی پەلەوەر هەن کە پێکهاتوون لە 1350 هۆڵ، لە ئێستاشدا 250 پڕۆژەی دیکە لە قۆناغی دروستکردندان و چاوەڕێی مۆڵەتن.