ئێران، لە زاری وەزیری دەرەوەی دووپاتیدەكاتەوە، لەمڕۆوە گەڕی هەشتەمی وتووێژەكان دەربارەی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنی ئەتۆمی دەستپێدەكاتەوە و تایبەت دەبێت بە زامنكردنی جارێكی دیكە نەكشانەوەی واشنتن و لێكۆڵینەوە لە هەڵگرتنی سزاكان لەسەر تاران.
حسێن ئەمیر عەبدوللهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ گەڕێكی نوێی وتووێژەكان لە ڤیەننا دەستپێدەكات، خشتەی كارەكان بریتین لە پرسی پێدانی دڵنیایی و لێكۆڵینەوە لە هەڵگرتنی سزاكانی ئەمریكا”، لەحاڵەتی گەڕانەوە بۆ ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكە، وەك ئەوەی ئاژانسی هەواڵی فەرمیی (ئێرنا) بڵاویكردووەتەوە.
وتیشی، “سەبارەت بەئێمە، گرنگترین پرس گەیشتنە بە خاڵێك كە لەڕێیەوە بگەینە ئەوەی نەوتی ئێرانی بە ئاسانی و بەبێ هیچ سنووردانانێك بفرۆشرێت، هەروەها پارەكانی فرۆشتنی نەوت بە دراوی بیانی بچێتە سەر ئەژماری بانكی سەر بە ئێران، هەروەها بتوانین سوود لە سەرجەم بەدەستهاتووە ئابورییەكان وەربگرین لە كەرتە جیاوازەكاندا”.
ئێران و وڵاتانی بەشدار لە ڕێككەوتنە ئەتۆمییەكەی ساڵی 2015 (ڕوسیا، چین، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا) بە بەشداریی ناڕاستەوخۆی ئەمریكا، كارەكتەری دەستپێكردنی گەڕی هەشتەمی گفتوگۆكانن بە مەبەستی زیندووكردنەوەی ڕێككەوتنەكە، كە ویلایەتە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2018 لە سەردەمی دۆناڵد ترەمپ-ی سەرۆكی پێشوو لێی كشایەوە.
ڕێككەوتنەكە ئەوكات بووە هۆی هەڵپەساردنی سزا سەپێندراوەكانی سەر تاران، لە بەرامبەر سنوورداركردنی چالاكییە ئەتۆمییەكانی و زامنكردنی بواری ئاشتییانەی بەرنامەكە.
بەڵام واشنتن پاش كشانەوە لێی، دووبارە سزا قورسەكانی بەسەر ئێراندا سەپاندەوە، كە هەندێكیان كەرتە ئابورییەكان دەگرێتەوە و لەوانەش هەناردەكردنی نەوت.
پێشتر شەش گەڕی گفتوگۆ لەنێوان مانگەكانی نیسان و حوزەیرانی ئەمساڵ ئەنجامدران، بەر لەوەی بۆ ماوەی نزیكەی پێنج مانگ هەڵبپەسێردرێت و دووبارە لە 29ی تشرینی دووەم دەستپێبكاتەوە.