لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی “شورای بزووتنەوەی ئیسلامی” پێشوازی و خۆشحاڵی دەربڕدراوە بەرامبەر چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و داواش دەکات عێراقییەکان و خەڵکی هەرێم خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن.
لە ڕاگەیەندراوی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا هاتووە، “ئەنجومەنی شورای بزووتنەوەی ئیسلامی خۆشحاڵی خۆی دەردەبڕێت بەکۆتایی هاتنی بوونی هێزی چەکداری بیانی لە عێراق و داوا لە هەموو عێراقیەکان وخەڵکی کوردستان دەکات بەشێوازێکی ئاشتیانە وڵاتەکەیان بەڕێوەببەن دوور لە شەڕو و ئاژاوەو ناکۆکیە بێزراوەکان و بزووتنەوەی ئیسلامی نیگەرانی خۆی نیشاندا لە مەڕ ئەو هەوڵە گڵاوانەی کە دەیانەوێت ڕێڕەوی پەروەردەیی گەلی کوردی موسڵمان لەسەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی کە ئیسلامە لابەدەن و بەلاڕێیدا بیبەن”.
سەبارەت بە بەشداری سیاسیی بزوتنەوەی ئیسلامی کۆبوونەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، “شورا بڕیاری بایکۆتەکەی بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لە 10/10 بەدروست زانی و پێی وابوو دواکەوتنی ڕانەگەیاندن و پەسەندنەکردنی ئەنجامی کۆتای هەڵبژاردنەکان و کۆنەبونەوەی پەرلەمان و پێکنهێنانی حکومەت ڕاستی ئەو هەڵوێستە سیاسیەی بزووتنەوەی ئیسلامی سەلماندووە”.
بزوتنەوەی ئیسلامی وەک یەکەم هێزی کوردی پشتیوانی چوونەدەرەوەی هێزەکانی ئەمریکای کردووە و ئەوەش ڕەنگە بۆ مێژووی هێزە ئیسلامییەکە بگەڕێتەوە، بەتایبەت کاتێک دوای پرۆسەی ڕزگاریی عێراق سەرکردەکانیان لەلایەن سوپای ئەمریکاوە دەستگیرکران.