دوای هەوڵی تورکیا بۆ ناونانی باخچەیەک بەناوی جەوهەر دوداییڤی سەرکردەی جوداخوازی چیچیانەوە ڕوسیا و چیچان هەوڵدەدەن لە پەرچەکرداردا شوێنێک بەناوی عەبدوڵا ئۆجەلان بکەنەوە.
پێشتر ڕەمەزان قادیرۆڤ، سەرۆک کۆماری چیچان ڕایگەیاندبوو، لەبەرامبەر هەوڵەکەی حکومەتی رەجەب تەیب ئەردۆغان شوێنێک بەناوی عەبدوڵا ئۆجەلان دەکەنەوە، ئەمڕۆش وتەبێژی کۆشکی سەرۆکایەتی ڕوسیا پشتگیری قسەکانی قادیرۆڤی کرد.
دیمتری بیسكۆف، وتەبێژی كرملین، كۆشكی سەرۆكایەتی ڕوسیا ڕاگەیاند، “بڕیاری دەسەڵاتدارانی توركیا بۆ ناونانی باخچەیەكی توركیا بە ناوی جەوهەر دوداییڤ، سەركردەی جوداخوازی چیچان بۆ گەلی چیچانی ئازاربەخشە و تێگەیشتن و ڕێزمان هەیە بۆ قسەكانی ڕەمەزان قادیرۆڤ”.
بەکارهێنانی ناوی عەبدوڵا ئۆجەلان لەلایەن چیچان و ڕوسیاوە، خوێندنەوەی جیاوازی بۆدەکرێت، بەشێک پێیان وایە، ناوهێنانی ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان بۆ ئەو پرسە، نیشانی دەدات جگە لە پەکەکە هیچ هێزێکی دیکەی کاریگەر بەرامبەر حکومەتەکەی ئەردۆغان نەوەستاوەتەوە و نییە.
لەبەرامبەردا بەشێکی دیکە لە بەکارهێنانی ناوەکە نیگەرانن، چونکە چیچان و ڕوسیا پێیان وایە جەوهەر دودایڤ، تیرۆرستە و هاوتاکردنی ئۆجەلان لەگەڵ دودایڤ بەکارهێنانی “تیرۆرست بە تیرۆرستە”.
جەوهەر دوداییڤ، سەركردەی جوداخوازەكانی چیچان و یەكەم سەرۆكی ئەو وڵاتەیە، ساڵی 1991 تاكلایەنانە كۆماری ئیچكیریای لە چیچیان ڕاگەیاند و ساڵی 1994 ڕووبەڕووی هێزەكانی ڕوسیا بووەوە و بۆ ماوەی دوو ساڵ شەڕێكی توند لەنێوان هەردوولادا بەرپابوو، دواتر دودایڤ لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ڕوسیاوە کوژرا.