ناكۆكییەكی نوێ لەنێوان سەرۆك وەزیرانی عێراق و هێزەكانی حەشدی شەعبی بەهۆی وێنەیەكی ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری پێشووی سەرۆكی دەستەی حەشد سەریهەڵدا.
بەپێی میدیاكان، شەوی ڕابردوو سەدان كەس لە ئەندام و لایەنگرانی حەشدی شەعبی لە بەغداد خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە بۆ ڕێگریكردن لە لابردنی وێنەیەكی ئەبومەهدی موهەندیس لە گۆڕەپانی فیردەوس-ی ناوەڕاستی بەغداد.
خۆپیشاندانەكە لە گۆڕەپانی فیردەوس و بەردەم دەروازەكانی ناوچەی سەوز ئەنجامدراوە و تیایدا دروشمی دژ بە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران بەرزكراوەتەوە، بەهۆی ”بڕیارەكەی بۆ لابردنی وێنەی موهەندیس” وەك ئەوان دەیڵێن.
لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە هەوڵی هێوركردنەوە و ڕێگریكردن لە دژواركردنی دۆخەكە كراوە، بەتایبەت بەهۆی ئەوەی ژمارەیەك لە خۆپیشاندەران چەكدار بوون.
بەر لە چەند ڕۆژێك وێنەكەی ئەبومەهدی موهەندیس، كە سەرەتای ساڵی ڕابردوو لەگەڵ قاسم سولەیمانی كوژرا، لە گۆڕەپانی فیردەوس دانرا.
شەوی ڕابردوو هێزێكی ئەمنی بۆ لابردنی وێنەكە، كە بەبێ ڕەزامەندیی لایەنی فەرمی لەسەر ڕووكاری یەكێك لە باڵەخانەكان دانراوە، گەیشتە گۆڕەپانەكە بۆ لابردنی، بەڵام پاش بڵاوەپێكردنی ئەندام و لایەنگرانی ئەو گروپانە و هەڕەشەكردن لە هێزە ئەمنییەكان و حكومەت، كشاونەتەوە.
لەسەر وێنەكە ڕستەیەكی سەر زاری موهەندیس بەر لە كوشتنی نوسراوە كە دەڵێت، ”لەمڕۆوە چیتر ئارامی بەخۆیانەوە نابینن، سوێند بەخوا نایانهێڵینەوە”.