وەزارەتی ناوخۆی عێراق لیژنەیەکی دروستکردووە بۆ بەدواداچوون بۆ دیاردەی خۆکوشتن کە لە وڵاتەكە “لەبەرزبوونەوەیەکی زۆردایە”.
خالد محەنا وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فەرمیی عێراق – واع ڕایگەیاندووە، لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی زۆری دیاردەی خۆکوشتن لەسەرتاسەری وڵاتدا، وەزارەتەكە ژمارەیەک ڕێکاری گرتووەتەبەر، لەوانە، پێکهێنانی لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە زیاتربوونی دیاردەكە، هەروەها بەدواداچوون بۆ ڕێژەی خۆکوشتن و بەراوردکردنی بە وڵاتانی دەوروبەر، لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی و هەنگاو بۆ دەرچوون لێی.
وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕوونیکردووەتەوە، ڕێژەی خۆکوشتن لە ساڵی 2021دا 772 حاڵەت بوون، زیاتر لە 100 حاڵەتی لە ساڵی ڕابردوو زیاترە، كە 663 حاڵەتی خۆكوشتن بوون.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لەسەرەتای ساڵی 2016ـەوە حاڵەتەکانی خۆکوشتن ڕووی لە هەڵکشان کردووە، لە ساڵی 2016دا حاڵەتەکانی خۆکوشتن 393 حاڵەت بوون، لە 2017 گەیشتووەتە، 462 حاڵەت، لە 2018دا بەرزبووەتەوە بۆ 530 حاڵەت و لەساڵی 2019دا گەیشتووەتە 605 حاڵەتی خۆکوشتن.
هەر بەپێی وتەبێژەكەی ناخۆی عێراق، ئەو تەمەنانەی دیاردەی خۆکوشتنیان تێدا تۆمارکراوە بەمشێوەیەیە، ئەوانەی تەمەنیان لەخوار 20 ساڵەوەیە ڕێژەی خۆکوشتن 36.6% بووە، ئەوانەی تەمەنیان لەنێوان 20 بۆ 30 ساڵدایە ڕێژەکەی 32.2% دەبێت، هەروەها لەناو ڕەگەزی نێردا ڕێژەکە نزیكەی 56% و لەناو ڕەگەزی مێدا نزیكەی 44% دەبێت، هەروەها ڕێژەی خۆکوشتن لەناو ئەوانەی خێزاندارن 40%ـە و ئەوانەی سەڵتن ڕێژەکە 55% دەبێت.
سەبارەت بە هۆکارەکانی خۆکوشتن، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕوونیکردووەتەوە، هۆکارە دەروونییەکانی وەک فشاری دەروونی ڕێژەی 36.22%ی هۆکارە پاڵنەرەکانی خۆکوشتنە، هۆکاری لادان و نەخۆشییە دەروونییەکان ڕێژەی 34.64% پێکدەهێنێت، هەروەها توندوتیژیی خێزانی و هۆکاری ئابوری و هەژاری ڕێژەی 13%ی بەردەکەوێت، هەروەها بێکاری 9.5% پێکدەهێنێت، هۆکارەکانی خوێندن ڕێژەی 13.38% و شکستهێنان لەپرۆسەی خوێندن ڕێژەی 5.5%ی هۆکارە پاڵنەرەکانی خۆکوشتن پێکدەهێنێت.