یەكێتی هەڵبژاردنی هەرێم و حكومەتی نوێی عێراق لەگەڵ لایەنەكان تاوتوێدەكات

شاندێكى مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتى، پێكهێنانى حكومه‌تى عێراق و هه‌ڵبژاردنه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستانى له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كگرتووى ئیسلامى تاوتوێكرد.

پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شاندێكى مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتى كه‌ پێكهاتبوون له‌ ڕزگار حه‌مه‌، ستران عه‌بدوڵڵا و سۆران جه‌مال تاهیر، سه‌ردانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان و یه‌كگرتووى ئیسلامى كرد.

بەپێی ڕاگەیەندراوێكی یەكێتی، لە سەردانی شاندەكە بۆ مەكۆی سەرەكیی بزوتنەوەی گۆڕان، “ژمارەیەک لە ئەندامانی جڤاتی نیشتمانی لە پێشوازیدا بوون، پێکەوە گفتوگۆ لەسەر یەكخستنی هەڵوێستی كوردستانی لە بەغداد لەسەروبەندی دانوستانەكان بۆ پێکهێنانی حكومەتی داهاتووی عیراق کرا”.

ڕاگەیەندراوەكە ئاماژەی بە لێدوانی د.سۆران جەمال تاهیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەنییەکانی یەكێتی بۆ كەناڵەكانی ڕاگەیاندن كردووە، “گفتوگۆكان لەگەڵ هاوڕێیانی بزوتنەوەی گۆڕان ‌و دواتر یەكگرتووی ئیسلامیش بۆ تەواوكردنی هەماهەنگی و گفتوگۆكانی ڕابردوومانە لەگەڵ هێزە كوردستانییەكان بۆ ڕاوێژ و یەكگوتاریی كورد لە بەغداد، پێویستیی یەكتیمیی كوردمان لە بەغداد تەئكیدكردەوە بۆ داكۆكی لەمافە دەستوورییەكانی گەلەكەمان”.

یەكێتی پرسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستانیشی لەگەڵ گۆڕان تاوتوێكردووە، “بۆ لەیەكگەیشتن سەبارەت بە هاوهەڵوێستی لە یاسای هەڵبژاردن و كۆمسیۆنی هەڵبژاردنی كوردستان، وەك دەستپێك بۆ ئامادەكارییەكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵی داهاتوودا”.

لەبارەی سەردانی شاندەكەی یەكێتی بۆلای یەكگرتووی ئیسلامی، لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ژمارەیەک لە ئەندامانی سەرکردایەتیی یەکگرتوو لە پێشوازیی شاندی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیدا بوون، تیشكیان خستە سەر دوایین پێشهاتی سیاسی و ئەمنی و ئاڵانگارییەكانی بەردەم پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق‌ و پاراستنی یەكڕیزیی لایەنەکان، هەروەها یەكخستنی تێروانینەكانی نێوان یەكێتی و یەكگرتوو سەبارەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەمان”.

یەكێتی و یەكگرتوو بارودۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و ئامادەسازییەكان بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستانیشیان تاوتویكردووە، گەیشتن بە تیڕوانینی هاوبەش لەنێوان یەكێتی و یەكگرتوو وسەرجەم لایەنەكان و توندوتۆڵكردنی پەیوەندییەكان بەگرنگ دانرا.

سەردانەكەی یەكێتی بۆلای لایەنە كوردستانییەكان، دوای سەردانی شاندێكی باڵای پارتی هات بۆلای یەكێتی.

بابەتی پێشتر

یەدەگی زێڕی وڵاتان ئاشكراكرا و عێراق پێنجەمی عەرەب و 39یەمینی جیهانە

بابەتی دواتر

کەسێک لە سلێمانی دەستگیرکرا تۆمەتباربووە لە کوشتنی ژنێکدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share