دەربارەی بایكۆتكردنی دانیشتنی پەرلەمان وەك ناڕەزایەتییەك بەرامبەر پرۆژەیاسای چەك، پەرلەمانتارێك دەڵێت، مەترسی هەیە پرۆژەكە بۆ مەرامی سیاسی و زیندانیكردنی هاوڵاتییان بەكاربهێندرێت.
دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان لەلایەن فراكسیۆنەكانی گۆڕان، كۆمەڵ و یەكگرتوو و ژمارەیەك پەرلەمانتاری فراكسیۆنە جیاوازەكانەوە بایكۆت كرا دوای ئەوەی وەك خۆیان دەڵێن، تێبینییەكانی دەربارەی چەند بڕگەیەكی پرۆژەیاسای چەك، كە ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەمی بۆكرا، بەهەند وەرنەگیراوە.
سەركۆ ئازاد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكێتی، كە یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی دانیشتنەكەی بایكۆت كردووە، ڕایگەیاند، مەترسی لەسەر بەکارهێنانی ئەم یاسایە هەیە بۆ مەرامی سیاسی و زیندانیكردنی هاوڵاتییان.
بەوتەی ئەو پرۆژەكە “تا حوکمی لەسێدارەدانی تێدایە بە پاساوی پاڵپشتیکردنی یاخیبوون و تێکدانی ئاسایشی گشتی” و دەڵێت، دەستەواژەكانی ناوی هیچ پێناسەیەكی نییە و بەشێوەی لاستیكییە.
ئەو پەرلەمانتارە بڵاویشیكردوەتەوە، “یەکێکی دیكە لە مەترسییەکانی ئەم پرۆژەیاسایە ئەوەیە دەسەڵاتی مۆڵەتدانی کڕینی چەک تەنانەت چەکی M4 و دەمانچە لە دەزگای ئاسایش و ئاژانسی پاراستن و زانیاری و دژەتیرۆر وەردەگرێتەوە و تەنها لە دەسەڵاتی وەزیری ناوخۆدایە”.
پێشتر زیاد جەبار، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژەیاساكە كرا، لەلایەن ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكانەوە تێبینی لەسەر ماددەیەك هەبووە.
وتیشی، “وەك یەكێتی بەلامانەوە گرنگە ئەگەر بڕگەیەك لە یاساكەدا لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان نەبێت چارەسەری بكەین، نەك بایكۆت و گەورەكردنی لە میدیادا”.
دوابەدوای بڕیاری بایكۆتكردنەكە سه‌رچنار ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی فراكسیۆنی یه‌كگرتوو لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، چه‌ندین تێبینیمان له‌سه‌ر یاساكه هه‌یه و تێبینیه‌كانمان به هه‌ند وه‌رنه‌گیراون و سووربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی وه‌كو خۆی بڕوات وه‌ك چۆن له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه ڕه‌وانه كراوه.
ڕەخنە و تێبینییەكان لەسەر ماددەی 13ی یاساكەیە، عەلی حەمەساڵح، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەهەمان كۆنگرەی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، “خاڵی سێیه‌م له مادده‌ی 13ی یاساكه دوو ده‌سته‌واژه‌ی تیایه، كه به‌قسه‌ی وه‌زیریش ناتوانێت ته‌عریفی لێبكرێت، به‌ڵام حوكمه‌كه ئیعدامه، بۆ نمونه له كوردستاندا هیچ كۆمپانیایه‌ك به فه‌رمی چه‌ك ناهێنێت، هه‌ر چه‌كێك له كوردستاندا هه‌بێت كه واتا به‌قاچاغ هاتووه، هه‌ر كه‌سێك چه‌كی بێمۆڵه‌تی پێبێت ده‌كرێت وا ته‌فسیر بكرێت كه به نیازی یاخیبون بوە و ئه‌مری ئیعدامیان به‌سه‌ردا جێبه‌جێ بكرێت”.