ژمارەی توشبووانی کۆرۆنا لە یانەی ڕیاڵ مەدرید بەردەوام لە هەڵکشاندایە و بەرپرسانی یانە بڕیاریانداوە ڕێکارەکانی خۆپارێزی توندوتۆڵ بکەنەوە.
بەپێی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ، لە 31 تشرینی یەکەم یەکەم حاڵەتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی یاریزانانی کاستیا (تیپی لاوانی ڕیاڵ) تۆمارکراوە، کە سێ یاریزان بوون، توشبووان هاوشانی پێکهاتەی یەکەم ڕاهێنانیان کردووە.
پاشان توشبوونی ئیدێر میلیتاو لە پێکهاتەی یەکەم و کۆتا حاڵەتی پۆزەتیڤیش لەسەر ئاستی هازارد و کاسیمێرۆ تۆمارکران، لە کاتێکدا ئەم دووانەیە تاوەکو کۆتا ساتەکان لەگەڵ پێکهاتەی زینەدین زێدان مەشقوڕاهێنانیان ئەنجامداوە.
سەرچاوەکە دووپاتیدەکاتەوە، بەرپرسانی یانەی شاهانە بڕیاریانداوە ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر ئاستی هەردوو پێکهاتەی یەکەم و دووەم توندتر بکەن، بە شێوەیەک کە تەواوی ستافەکان پشکنینی نوێیان بۆ ئەنجامدراوە و لەمەودوا ڕێگە بە تێکەڵبوونی یاریزانان بە جیهانی دەرەکی نادرێت.
سەرباری هەنگاوەکانی خۆپارێزی، هێشتا فلۆرنتینۆ پێرێز وهاوەڵانی ترسیان هەیە لەم کاتە هەستیارەی وەرزدا یاریزانی دیکە دووچاری ڤایرۆسەکەبن، کە ئەوەش لەم وەرزە زیانی گەورە بە پلانەکانیان دەگەیەنێت.