وشكبوونەوە زۆنگاوەكانی عێراق لە لیستی كەلەپووری جیهانی دەردەهێنێت

پێنج زۆنگاوی عێراق بە تەواوەتی وشكبوون و یەكێك لە زۆنگاوە گەورەكان ماوە كە ئەویش لەبەردەم مەترسیی وشكبووندایە، وەزارەتی ژینگەی عێراق هۆشداری دەدات و دەڵێت، بەهۆی وشكبوونەوەوە “زۆنگاوی حوێزە هەڕەشەی كشاندنەوەی لە لیستی كەلەپووری جیهان لەسەرە”، پسپۆڕێكی بواری ژینگەش دەڵێت، ئاوی عێراق ناگیرێتەوە و دەڕژێتە دەریاوە، ئەوەش زەوییەكی فراوانی دووچاری بەبیابانبوون كردووە.

زۆنگاوی حوێزە و سێ زۆنگاوی تری عێراق لە ساڵی 2016دا لەلایەن ڕێكخراوی یونسكۆی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكانەوە خرانە لیستی كەلەپووری جیهانەوە، بەڵام بەپێی وتەی نەجلە وائیلی، بەڕێوەبەری بەشی زۆنگاو و “بەڕێوەبردنی بەردەوامیدان بە ڕژێمی ژینگەیی” لە وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عێراق، بەهۆی وشكبوونەوەی زۆنگاوەكەوە ئەگەری كشاندنەوەی لە لیستەكەی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكاندا هەیە.

وائیلی دەڵێت، هۆكاری وشكبوونەوەی زۆنگاوی حوێزە، بڕینی ئەو سەرچاوە ئاوی و جۆگانەن كە دەڕژێنە زۆنگاوەكەوە و ئەوەش فرەچەشنیی بایۆلۆجی لە زۆنگاوەكەدا خستووەتەبەر مەترسیی لەناوچوون.

ئەو بەرپرسە حكومییە ڕەخنە لە حكومەتی عێراق دەگرێت بەوەی گوێ بە پێوەرە نێودەوڵەتییەكانی بواری ژینگە نادات و دەڵێت، ناكرێت عێراق بچێتە ڕێككەوتننامە نێودەوڵەتییەكانەوە و دواتر دەستبەرداریان ببێت.

جگە لە زۆنگاوی حوێزە كە لە وشكبوونەوە نزیكبووەتەوە، زۆنگاوەكانی عۆدە، بەتات، سحێن، سێگل و خومس لە ناوەڕاست و باشووری عێراق بە تەواوەتی وشكبوون، بەشێك لە هۆكارەكان گرتنەوەی ئاو لەلایەن ئێران و توركیا و وشكەساڵین، بەڵام هۆكارێكی تریش هەیە كە گرتنەوەی ئاوی سەرچاوە بچووكەكانی ئەو زۆنگاوانەیە لەناوخۆی عێراقدا.

ئەحمەد نعمە، شارەزای بواری ژینگە ڕایگەیاند، عێراق لە لێواری گەیشتنە بە پەیوەندییەكی خراپ لەگەڵ ڕێكخراوی یونسكۆدا دوای ئەو هۆشداریدان و ئاگاداركردنەوانەی بەمدواییانە لەلایەن ڕێكخراوەكەوە پێیدراون.

ئەو شارەزایەی بواری ژینگە ئاشكرایدەكات كە عێراق ڕووبەرێكی فراوانی زەویی كشتوكاڵی لەدەستداوە و بوون بە بیابان، هۆكارەكەشی وشكبوونەوەی زۆنگاوەكانە كە بەهۆی سیاسەتی هەڵەی ئاوەوە دووچاری عیراق بووەتەوە، چونكە وەك ئەو دەڵێت، “عێراق بڕێكی زۆری ئاو دەڕژێنێتە دەریاوە و سەرباری خەرجكردنی ملیاران دۆلار بۆ دروستكردنی بەنداو و گرتنەوەی ئاو، تەنانەت یەك پڕۆژە جێبەجێنەكراوە بۆ پاراستنی سامانی ئاو و شیرینكردنی ئاوی سوێر”.

ئەحمەد نعمە لێدوانی بۆ میدیای عێراقی داوە ڕایگەیاندووە، نۆ مانگ بەر لە ئێستا زۆنگاوەكانی عۆدە، بەتات، سحێن، سێگل و خومس وشكبوونەوە، ئەوەی ماوەتەوە تەنها زۆنگاوی حوێزەیە كە ئەویش لە وشكبوونەوە نزیكبووەتەوە.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی کارەبا: حکومەتی عێراق بەفەرمی هات بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونەکەمان

بابەتی دواتر

حکومەتی هەرێم داوا لە بەغداد دەکات پارە بۆ قەرەبووی لافاوەکەی هەولێر تەرخانبکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share