كۆبوونەوەی یەكێتی و پارتی لە دەباشان دەستیپێكرد

كۆبوونەوەی بڕیاردراوی هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی لە دەباشان دەستپێكرد، بڕیارە لە كۆبوونەوەكەدا بەشداریی كورد لە حكومەتی داهاتووی عێراق، چارەنووسی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و چەند پرسێكی دیكەی تایبەت بە هەرێمی كوردستان تاوتوێبكرێن.

نیوەڕۆی ئەمڕۆ بافڵ جەلال تاڵەبانی لە دەباشان پێشوازی لە شاندی پارتی دیموكراتی كوردستان كرد بە سەرۆكایەتی فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسیی پارتی و ئەندامێتی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەو حزبە.

دواتر كۆبوونەوەی نێوانیان بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە ئەندامانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەستیپێكرد.

هەفتەی ڕابردوو سەرچاوەیەكی باڵا لە پارتییەوە بە تۆری میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هەردوو مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و پارتی كۆدەبنەوە و چەند پرسێكی تایبەت بە عێراق و هەرێمی كوردستان تاوتوێدەكەن.

پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی عێراق و بەشداریی كورد لە حكومەتەكە، هەروەها بەركەوتەی كورد لە پۆستە باڵاكان، بەتایبەت سەرۆك كۆمار، ئەو پرسانەن كە دەكرێت ببنە جێی گفتوگۆ، یەكێتی سوورە لەسەر ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار وەربگرێتەوە، پارتیش چەند جارێك باسی لە ئەگەری بوونی كاندید كردووە بۆ پۆستەكە.

بۆ هەرێمی كوردستانیش زیاد لە پرسێك هەن دەكرێت ببنە جێی گفتوگۆ، لە نمونەی هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان و شێوازی هەڵبژاردنەكە، پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو حزب، پرسەكانی تایبەت بە حكومەتی هەرێم.

لەماوەی نزیكەی دوو مانگدا ئەوە دووەمجارە شاندی پارتی سەردانی یەكێتی بكەن، لە 18ی مانگی تشرینی یەكەم شاندێكی پارتی هاتە سلێمانی و لە مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كۆبوونەوە.

بابەتی پێشتر

گردبوونەوە و بایکۆت لە زانکۆکانی سلێمانی و ڕاپەڕین دەستیپێکرد

بابەتی دواتر

هاوپەیمانێتییەكەی مالكی: سێ سەرۆكایەتییەكە دەگۆڕدرێن و ئەوە یەكلاییبووەتەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share