بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە کۆمەڵەی هاریکاریی ئیسلامی لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان کۆببنەوە، بەمەبەستی هاوکاریکردنی ئەفغانستان بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی تێیکەوتووە، كۆنگرەكە یەكەم تاقیكردنەوەی دەسەڵاتەكەی تاڵیبانە لەسەر ئاستی دەرەكی.
کۆنگرەكەی کۆمەڵەی هاریکاریی ئیسلامی، کە لە 57 دەوڵەت پێکهاتوون و زۆرینەیان وڵاتانی موسوڵمانن، بە یەکەم کۆنگرەی بەرفراوانی وڵاتان دادەنرێت تایبەت بە دۆخی ئەفغانستان لەدوای گرتنەوەدەستی دەسەڵات لەلایەن تاڵیبانەوە.
لەدوای گەڕانەوەی بزوتنەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات لە ئەفغانستان، وڵاتان ملیاران دۆلاری هاوکاریکردنی ئەو وڵاتەیان ڕاگرت، ئەمەش مەترسیی دروستبوونی کارەساتی مرۆیی لەو وڵاتەدا دروستکردووە، بەتایبەت لە وەرزی زستاندا.
نەتەوە یەکگرتووەکان پێیوایە “ئەفغانستان ڕووبەڕووی خراپترین کارەساتی مرۆیی دەبێتەوە لە جیهاندا”، هەروەها بەرنامەی خۆراکی جیهانیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP) هۆشداریی ئەگەری برسێتییەکی مەترسیدار دەدات لە ئەفغانستان.
ئەمیر خان موتەقی، وەزیری دەرەوەی ئەفغانستان لەناو نوێنەری ئەو وڵاتانەدا دەبێت کە لە کۆنگرەکەدا ئامادەن، سەرەڕای نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا، ئەمریکا، ڕوسیا و چین، ئەمە لەکاتێکدا تائێستا ئەو وڵاتانە دانیاننەناوە بە حکومەتەكەی تاڵیباندا.
نوێنەری وڵاتانی بەشدار لە کۆنگرەکە ئەرکێکی هەستیاریان لەئەستۆیە، ئەویش هاوکاریی داراییە بۆ گەلی ئەفغانستان بەبێ ئەوەی هاوکارییەكە بچێت بۆ خودی تاڵیبان.
شا مەحمود قوڕەیشی، وەزیری دەرەوەی پاکستان، بەهانە بۆ بەستنی كۆنگرەكە دەهێنێتەوە، دەڵێت، جیاوازی هەیە لەنێوان دانپێدانان بە حکومەتی تاڵیبان و مامەڵەکردن لەگەڵیدا، دەڵێت، “سیاسەتی دوورخستنەوە و پەراوێزخستن هیچ ئەنجامێکی باشی نابێت، ئەگەر هەیبووایە لەم دۆخەی ئێستادا نەدەبووین”.