ئەمریكا داهێنانێكی گەورەی زانستی لە بواری وزەدا ئاشكرادەكات

ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا داهێنانێكی زانستی لە بواری یەكگرتنی ناوەكی رادەگەیەنێت و بە “مەزن” لە بواری وزەدا ناویدەبات.

بەپێی جینیفەر گرانهۆڵم، وەزیری وزەی ئەمریكا داهێنانەكە پشتبەستن بە وزەی بەردین كۆتایی پێدەهێنێت، بەڵام بەپێی وتەی شارەزایان كارەكە چەند دەیەیەك دەخایەنێت.

گرانهۆڵم لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسیدا لە واشنتن وتیشی، داهێنانەكە روویدا “لەبەر ئەوەی وەبەرهێنانمان لە تاقیگە نیشتمانییەكانمان و توێژینەوەكانماندا كرد”.

ئەوەشی وت، “سبەیش لە كار بەردەوامدەبین لەپێناو ئایندەیەك كە وزە بەو یەكگرتنە ئەتۆمییە بەرهەمبێت”.

وەزیری وزەی ئەمریكا ئاماژەی بەوەشكرد كە “داهێنانەكە لە پەراوی مێژوودا تۆماردەكرێت”.

لای خۆیەوە دكتۆر ئاراتی برابكر، بەڕێوەبەری زانست و تەكنەلۆجیا لە كۆشكی سپی رایگەیاند، داهێنانەكە لە ئاكامی ئەو هەوڵانەدایە كە بۆ چەند دەیەیەك بەردەوام بوو تا سەركەوتنی بەدەستهێنا لە هەفتەی رابردوودا لە بەرهەمهێنانی وزە لە ئاكامی یەكگرتنی ئەتۆمی.

دوێنێ بڵاوكرایەوە زانایانی ئەمریکی توانییان سەرکەوتووبن لە لاساییکردنەوەی خۆر و بەرهەمهێنانی وزەیەک لە ئەتۆمەوە کە وزەیەکی پاکە و ملیاران ساڵ دەمێنێتەوە.

زانایانی تاقیگەی Lawrence Livermore National Laboratory لە کالیفۆرنیا، بە بەشداری هەندێک لە زانایان لە بەناوبانگترین تاقیگەکانی جیهان لە پەنجاکانی سەدەی رابردووەوە لە هەوڵدان بۆ بەرهەمهێنانی وزە لە یەکگرتنی ناوەکییەوە، بەجۆرێک “تەنها کوپێکی بچوک لە هایدرۆجین بتوانێت کارەبای شوێنێک بۆ سەدان ساڵ دابینبکات”، بەڵام لە هیچ یەکێک لە تاقیکردنەوەکاندا نەگەیشتوونەتە ئەو ئەنجامە جگە لەوەی ئێستا رایانگەیاندووە.

دکتۆر ئارسەر تورڵ زانای فیزیایی بەشدار لە داهێنانەکەدا رایگەیاند، “ئەگەر ئەو داهێنانە بە دڵنیایی لە راستیدا سەرکەوتووبێت، ئێمە دەبینە خاوەنی داهێنانێکی مێژوویی کە مرۆڤایەتی شانازیی پێوەدەکات، هەرچەندە هەوڵەکە دەیان ساڵە بەردەوامە بەڵام وادیارە لەم دواییانەدا لە تاقیگەی لۆرانس لیڤەرمۆر ئەو ئامانجەیان بەدەستهێناوە”.

لەگەڵ ئەوەی ویستگەکانی وزەی بەرفراوانی ناوەکی کە هیچ تیشکدانەوەیەکی زیانبەخشیان نەبێت پەرەیانپێنەدراوە، بەڵام زانایان دەڵێن دەکرێت ئەو جۆرە داهێنانە یارمەتیی مرۆڤایەتی بدات بۆ رزگاربوون لە وزەی بەردین.

پوختەیەک لەوەی لە ڕاپۆرتی فاینانشیاڵ تایمزدا هاتووە، ئەوەیە کە یەکگرتنە ناوەکییەکە لە دوو هەفتەی ڕابردوودا بووەتە هۆی زیادبوونی وزەی پاک بە ڕێژەی 120% لە تاقیگەدا، کە دەتوانرێت بە “وزەی سبەینێ” هەژماربکرێت، کە ئەگەر راستەقینەبێت دەبێتەئەوەی گۆڕانکاریی گەورە لە هەسارەکەماندا بکات.

بابەتی پێشتر

شارەوانیی سلێمانی: هەر فرۆشیارێک خۆڵ و خاشاک لەسەر شەقام بەجێبهێڵێت سزا دەدرێت

بابەتی دواتر

تیمی یەكێتی لە حكومەت: كارێكی ناڕەوایە ناردنی 400 ملیار دینارەكە بكرێتە دەستكەوتی تاكە كەس

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share