سلێمانی شەپۆلە بەهێزەكەی بارانی بێزیان تێپەڕاند

شاری سلێمانی

ئەو شەپۆلی بارانەی لە ڕۆژی پێنجشەممەوە ڕووی لە هەرێمی كوردستان كردووە، هیچ زیانێكی گیانی و ماددی لە سلێمانی و ناوچەكانی دەوروبەری لێنەكەوتووەتەوە، بەرگریی شارستانیی شارەكە بۆ ڕێگری لە هەر حاڵەتێكی نەخوازراو 30 تیمی پێكهێناوە.

لە ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەوە بارانبارینی بەخوڕ زۆرینەی شارەكانی هەرێمی كوردستانی گرتەوە، لە هەولێر بارانەكە زیانی گیانی و ماددی گەورەی لێكەوتەوە، بەپێی دوایین ئامارەكان 12 كەس لە ناوچە جیاجیاكانی شارەكە گیانیان لەدەستداوە، جگە لەو زیانە ماددییە گەورەیەی بە ملیۆنان دۆلار دەخەمڵێندرێت.

چڕیی شەپۆلەكە دوێنێ تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ سلێمانی و دەوروبەریشی گرتەوە، بەڵام بەوتەی بەرپرسانی پەیوەندیدار هیچ زیانێكی گیانی و ماددی نەبووە.

ئاوات عەلی، وتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لە هیچ شوێنێكدا بارانبارین زیانی لێنەكەوتووەتەوە و وتی، تەنها چەند حاڵەتێكی كەمی كۆبوونەوەی ئاو لە گەراجی چەند ماڵێك و گیرانی مەنهۆڵ هەبووە كە بەزوویی چارەسەركراون.

وتیشی، “پێشتر بۆ ڕێگریكردن لە هەر ڕووداوێكی نەخوازراو لەلایەن بەرگریی شارستانییەوە 30 تیم پێكهێنراون و بەردەوام لە ئەركدابوون”.

لای خۆیەوە سامان نادر، بەڕێوەبەری سەنتەری فریاكەوتنی خێرا لە سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هیچ ڕووداوێكی نەخوازراوی پەیوەندیدار بە باران و لافاو لە سلێمانی ڕووینەداوە.

ئەمەش لەكاتێكدا بڕی باران لە هەندێك ناوچەی سلێمانی زۆرترین بووە، بەپێی ئامارێكی كەشناسیی هەرێم لە 24 كاتژمێری ڕابردوودا لە ڕانیە 126.5 ملم باران، لە بازیان 118.2 ملم باران باریوە.

شەوی ڕابردوو ئاوات محەمەد، قائیمقامی قەزای مەڵبەندی سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، تیمی فریاگوزاریی سەر بە تیمەكانی قائیمقامیەت ڕۆژی چوارشەممەی هەفتەی ڕابردوو كۆبووەوە بۆ دیاریكردنی هەنگاوەكانی ڕووبەڕووبوونەوەی لافاو و هەر ئەگەرێك بەهۆی بارانەوە، هەروەها چۆن بتوانرێت هەماهەنگی لەنێوان فەرمانگە پەیوەندیدارەكاندا بكرێت.

وتیشی، “تیمەكە لە نوێنەرانی فەرمانگەكانی (سەرۆكایەتیی شارەوانی، بەرگریی شارستانی، تەندروستی، كەشناسی، هاتوچۆ، كارەبا، ئاو، پۆلیس، ئاسایش و لیوای یەكی سلێمانی) پێكهاتووە و هەموو ئەندامانی تیمەكە ئەمشەو لێرەن بۆ ڕێكخستنی كاروبار و هەماهەنگی”.

ئاوات محەمەد ئاماژەی بەوەشكرد، لەلایەن هەندێك لە هاوڵاتییانەوە هەندێك لە ئینلێتەكان (شوێنی دەرچوونی ئاوی كۆبووەوە بۆناو ئاوەڕۆكان) بەهۆی دەرچوونی بۆنی ناخۆشەوە بە كۆنكرێت گیراون، ئەمەش دەبێتەهۆی كۆبوونەوەی ئاو و دروستبوونی لافاو، لەكاتێكدا ئەوە بۆ پارێزگاری لە گیانی ئەوان لە شەقامەكان دانراوە، تا ئاوی كۆبووەوە بچێتە ناو ئاوەڕۆكانەوە و مەترسیی لافاو دروستنەبێت.

ئەوەشی ڕوونكردەوە، سەرۆكایەتیی شارەوانی ئاگاداركراوەتەوە، هەر هاوڵاتییەك كاری لەو جۆرە بكات، لەڕێی دادگاوە سكاڵای لێدەكرێت و ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە.

بابەتی پێشتر

كۆچبەرە گەڕاوەكانی بیلاڕوسیا لە چوار هەزار نزیكدەبنەوە

بابەتی دواتر

پۆلیسی سلێمانی چوار کەسی بەتۆمەتی کوشتنی کەسێک لە کێلەسپی دەستگیرکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share