لە بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی ئێستادا یەکلایی دەبێتەوە، کە بەدەل بەرواری زیندانی ئازادکراو، لە کارەکەی خۆی وەک مامۆستای بەردەوام دەبێت و وەزیری پەروەردەش لەوبارەیەوە دڵنیایی داوە.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی ئێستا لە دهۆک لەبەدواداچونێکدا گفتوگۆی لەگەڵ فەهیم عەبدوڵا سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک، کرد و فەهیم عەبدوڵا ڕایگەیاندووە، “لەگەل وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان قسەمان کردووە و دڵنیاییداوە کە مامۆستا بەدەل بەرواری لەکارەکەی بەردەوام دەبێت و دوورناخرێتەوە”.
فەهیم عەبدوڵا، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک ئاشکرایکردووە، ئەنجومەنی پارێزگا دژی دوورخستنەوەی مامۆستا بەدەل بەرواری بووە و لەبارەی چالاکوانە ئازدکراوەکانی تری بادینان کە بەشێکیان فەرمانبەر و مامۆستان لەکار دورخراونەتەوە، وتی، “ئێمە هەوڵدەدەین بە لە بەرچاوگرتنی یاسا هەموو ئەو کەسانە بەشێوەیەکی ئاسایی بگەرێنەوە سەرکارەکانیان”.
پێش چەند روژێک نوسراوێک بڵاوکرایەوە، کە تێیدا باس لە لابردنی مامۆستا بەدەل بەراوری دەکرد لەسەرکارەکەی و چاوەڕوانی بڕیاری وەزارەتی پەروەردە دەکرا بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە، بەڵام سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای دهۆک ئەوە ڕەتدەکاتەوە.