ئاسایشی سلێمانی ئاشکرایکرد، لەماوەی کەمتر لە 48 کاتژمێردا ژن و پیاوێک لەسەر کوشتنی ژنێک لە گەڕەکی بەکرەجۆ دەستگیرکراون.
لە ڕاگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا نێردراوە، تیایدا هاتووە، “دوو تۆمەتبار لەسەر ڕووداوی کوشتنی ژنێک لە بەکرەجۆ دەستگیرکراون بەناوەکانی (خ ح ع) و (د خ ق)، لەئەنجامی لێکۆڵینەوە دانیان نا بە تاوانەکەیاندا و پێناسی تاوانلێکراویان ئاشکراکرد، کە ناوی (د ت ع) لەدایکبووی ساڵی (2003) بووە”.
ئاسایش دەڵێت، “تۆمەتباران لە وتەکانیاندا دەریانخست، کە پێشتر یەکتریان ناسیوە و تاوانلێکراو لای تاوانباری سەرەکی لە یەکێک لە کافتریاکانی شاری سلێمانی بە ناوی کافتریای (لاس ڤیگاس) لە شەقامی سالم کاریکردووە، شەوی تاوانەکە پێکەوە بوون لە ماڵی تۆمەتبار (د خ ق)، لە بەرەبەیاندا کێشە دەکەوێتە نێوانیان و لەئەنجامدا تۆمەتبار(خ ح ع) بە بەکارهێنانی چەک هەڵدەستێت بە کوشتنی تاوانلێکراو (د ت ع)، پاشان بە ئۆتۆمبێلەکەی تەرمەکەی دەگوازێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە تەرمەکەی تیدا دۆزرابوویەوە”.
لەگەڵ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکاندا، دەستگیراوە بەسەر ئەو چەک و ئۆتۆمبێلەی کە لە تاوانەکەدا بەکارهێنرابوو، لە ئێستادا تۆمەتباران لەسەر بڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی (406) لە یاسای سزادان بەندکراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.