یەكێتی سوورە لەسەر وەرگرتنەوەی پۆستەكە
پۆستی سەرۆك كۆمار، بیانووی پارتی بۆ نەبوونی یەكڕیزی

یه‌كێتى سووره لەسەر ئەوەی‌ بۆ جارێكى دیكه‌ پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق ‏وه‌ربگرێته‌وه‌، پۆستەكە بە مافی كورد و لە نێوان لایەنە كوردستانییەكانیشدا بە مافی ‏یەكێتی دەزانێت، بە ڕوونیش لەگەڵ ئەوەیە كە پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی ‏پۆستەكەوە لێدوانی دوور لە واقیع و بیانوو ده‌زانێت و ئاراستە دەگرێت بەرەو ئەگەری ‏پەرتەوازەیی كورد لە بەغداد.‏

لەگەڵ ئەوەی سەرۆك كۆمار ده‌سه‌ڵاته‌كانى دیاریكراوه‌ و به‌پێی ده‌ستوور پۆستێكه‌ ‏ده‌سه‌ڵاتى جێبەجێكردنی دیار و كاریگەری پێنه‌دراوه‌، به‌ڵام ساڵانێك سه‌رۆكه‌كه‌ى به‌ ‏‏”صمام امان”ى عێراق ناوده‌برا و چه‌تری كۆكه‌ره‌وى هه‌موو پێكهاته‌كان بوو، ساڵانێكی ‏زۆریشه نوێنەرەكانی كورد و یەكێتی لە پۆستەكەدا بوونەتە پارێزه‌رى مافه‌ ‏ده‌ستوورییه‌كانی كوردستان، جگە لە بەجێگەیاندنی ئەو ئەركانەی وەكو پۆستێكی سیاسیی ‏عێراقی، لەسەرشانیان بووە. ‏

پۆستى سه‌رۆك كۆمارى عێراق، كه‌ له‌دواى ڕووخانى ڕژێمى به‌عسه‌وه‌ لاى كوردبووه‌ و ‏بووه‌ته‌ یەكێك لە سیمبولەكانی به‌شداریی كورد له‌ پرۆسەی سیاسیی عێراق لە دوای ‏‏2003، له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌م پۆسته، كە لای یەكێتی بووە،‌ سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى پێگه‌ى سیاسیی ‏كوردی بە بەهێزی و قبوڵكراو هێشتووەتەوە، بەشداریش بووە لە ڕەنگڕێژكردنی بەشێكی ‏زۆر لە هاوكێشە سیاسییەكانی عێراقی فیدراڵ و پەیوەندیی نێوان پێكهاتە و لایەنە ‏جیاوازەكان.‏

له‌ماوه‌ى نزیكەی 16 ساڵى ڕابردوو، كه‌ پۆستى سه‌رۆك كۆماریی عێراق له‌ ده‌ستى ‏كورددا بووه‌ و به‌پێی ڕێككه‌وتنى نێوان یه‌كێتى و پارتیش پۆستەكە‌ لاى یه‌كێتى بووه‌، ‏ئەدای نوێنەرەكانی یەكێتی و كورد لە پۆستەكەدا ئەدایەكی واقعی بووە بەراورد بە ‏دەسەڵاتەكانی پۆستەكە، شێوازی بەڕێوەبردنی پۆستەكەش سەر بەو ڕێبازەی كوردایەتی ‏بووە، كە ڕێبازێكی واقعییە و مامەڵە لەگەڵ واقیعی كورد و كوردایەتیی باشووری ‏كوردستان، هەروەها دۆخ و پێدراو (معگیات)ــەكانی عێراق و ناوچەكە و نێودەوڵەتی ‏دەكات.‏

ئارێز عه‌بدوڵڵا، ئه‌ندامى سه‌ركردایه‌تىی یه‌كێتى و ئه‌ندامى پێشووترى په‌رله‌مانى عێراق ‏ده‌ڵێت، “ئێمه‌ سوورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى پۆستى سه‌رۆك كۆمار بۆ كورد بێت، له‌نێو كوردیش ‏بۆ یه‌كێتى بێت، حكومه‌تى هه‌رێمیش لاى پارتى بێت، به‌ڵام پێمان خۆشه‌ به‌ یه‌كده‌نگى ‏و ‌یه‌كهه‌ڵوێستى بچینه‌ به‌غداد، له‌سه‌ر پۆسته‌كانیش ڕێكبكه‌وین”. ‏

سەركردایەتییەكەی یەكێتی پێشی وایە، “ئه‌و پۆسته‌ گرنگه‌ بۆ كورد، له‌سه‌ر ئاستى ‏نێوده‌وڵه‌تى تیڕوانینی وڵاتان به‌رامبه‌ر كورد ده‌گۆڕێت، چونكه‌ هه‌موومان سه‌رده‌مى ‏سه‌رۆك مام جه‌لالمان بیره‌، چ جۆره‌ كاریگه‌ری و كارێزمایه‌كى گه‌وره‌ى نه‌ك بۆ هه‌رێمى ‏كوردستان، بۆ عێراقیش هه‌بوو”.‏

ئارێز عه‌بدوڵڵا ده‌شڵێت، “ئه‌وكات هه‌رێمى كوردستان گه‌شه‌ى گه‌وره‌ى كرد له‌ ڕووی ‏ئابوری و پێگه‌ی سیاسیی هه‌رێمیش به‌هێزتربوو”، نەشیشاردەوە، “سه‌رۆكه‌كانى دیكه‌ش ‏كه‌ له‌ دواى مام جه‌لاله‌وه‌ ئه‌و پۆسته‌یان وه‌رگرتووه‌، ڕۆڵی گه‌وره‌یان گێڕاوه‌، لانیكه‌م ‏ئاگاداربوون‌ له‌وه‌ى پیلان له‌ كورد نه‌گێڕدرێت، ڕۆڵیشیان هه‌بووه‌ له‌ پێكه‌وەژیان و هاندانى ‏لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كانى عێراق بۆ ئاشتى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان به‌شێوه‌ى دیالۆگ و ‏تەنانەت چاره‌سه‌رى كێشه‌كانى نێوان هه‌رێم و بەغداد”.‏

‏”پارتى لە 2018‌وه‌ به‌دواى تۆڵه‌ى دۆڕاندنەكەیەتی”‏

‏‌دواى ئه‌وه‌ى ساڵى 2018 یه‌كێتى و پارتى به‌ دووكاندیدى جیاوازه‌ چوونه‌ هه‌ڵبژاردنى ‏سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ له‌به‌غداد و كاندیده‌كه‌ى یه‌كێتى براوه‌بوو، به‌وته‌ى ئارێزعه‌بدوڵڵا ‏‏”له‌وكاته‌وه‌ ئه‌و ناكۆكییه‌ له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته ‌هه‌یه “، بەڵام دووپاتیدەكاتەوە، “وه‌كو یه‌كێتى ‏پێمان باشه‌ له‌سه‌ر پۆسته‌كانى به‌غداد ڕێكبكه‌وین، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ یه‌ك تیم گفتوگۆ بكه‌ین له‌ ‏به‌غداد بۆ پاراستنى پێگه‌ى هه‌رێم، تا پێگه‌ى وه‌فدى دانوستانكارى كوردیش به‌هێزبێت له‌ ‏به‌غداد”.‏

سه‌ركرده‌كه‌ى یه‌كێتى نەیشاردەوە كە پێداگریی پارتی لەسەر وەرگرتنی پۆستی سەرۆك ‏كۆمار بەكارێكی باش نازانن، “ئه‌وان لێره‌ پۆستى سه‌رۆكى هه‌رێم، سه‌رۆكى حكومه‌ت، ‏ئه‌نجومه‌نى ئاسایشیان هه‌بێت و بشیانه‌وێت پۆستى سه‌رۆك كۆمار وه‌ربگرن”. ‏

ئەندامەكەی سەركردایەتیی یەكێتی بەگۆمانەوە لە لێدوانەكانی پارتى لەبارەی پۆسته‌كه‌ ‏دەڕوانێت و دەڵێت، “بۆ دۆزینه‌وه‌ى بیانووه‌ بۆ ئه‌وه‌ى پێكه‌وه‌ كارنه‌كه‌ین و یه‌كهه‌ڵوێستى ‏و یه‌كده‌نگی دروستنه‌بێت”.‏

نەشیشاردەوە، ئەگەر یەكێتی و پارتی لەبارەی پۆستەكەوە ڕێكنەكەون، “وه‌كو ساڵى ‏‏2018 ڕێگه‌ى هه‌ڵبژاردنمان له‌پێشه‌، با ئه‌وان كاندیدى خۆیان دیاریبكه‌ن و ئێمه‌ش ‏كاندیدى خۆمان”.‏

ماوەی سەرۆكایەتیی مام جەلال بۆ كوردستانییان و عێراقییەكان جێگەی مشتومڕ نییە، كە ‏چەند سەردەمێكی زێڕینی بەرێوەبردنی پۆستەكە بووە، سەردەمەكانی دیكەی دواتریش بۆ ‏نوێنەرانی یەكێتی و كورد لە پۆستەكەدا دەستكەوتنی گەورەی بۆ كوردستانییان و ‏عێراقییەكان هەبووە.‏

بەردەوام سەرۆك كۆمارەكانی كورد – یەكێتی لە كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند، ڕۆڵی ‏گەیشتن بە چارەسەریان بینیوە و بوونەتە پارێزەری مافە دەستورییەكانی هەرێمی ‏كوردستان، ویستوویانە پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا ئاسایی و یاسایی و دەستووری ‏ڕێبكات.‏

ئەمە جگە لەوەی لەسەر ئاستی عێراقیش وەكو دەوڵەت، هەوڵیانداوە پێگەی عێراق لە ‏ناوچەكە بەهێزتر بكەن، كە ئەم ڕۆڵە بۆ عێراقییەكان چاوی زۆری لەسەرە و ویستیانە ‏‏”سەرۆك كۆمارە كوردەكە” پێگەكەی بۆ بەهێزكردنی شوێنی عێراق بەكاربهێنێت.‏

لەو نێوەندەدا لەماوەی سەرۆكایەتیی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراقدا، زیاد لە ‏دەستكەوتێكی سیاسی و دیپلۆماسی بۆ عێراق هاتووەتە دی، چاوی زیاتر لەسەر پێگەی ‏عێراقە و ویستیش هەیە بۆ ئەوەی وڵاتەكە سەرپێبكەوێتەوە.‏

لەو نێوەندەدا، لەماوەی ڕابردوودا بە هەوڵی بەرهەم ساڵح، لوتكەی وڵاتانی دراوسێی ‏عێراق لە بەغداد بەڕێوەچوو و وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتیی بەشدارییان تێدا كرد.‏

ئەمە جگە لەوەی هەریەك لە بەرهەم ساڵح و مستەفا كازمی هەوڵی زۆریان داوە بۆ ‏هاتنەئارای گفتوگۆ لەنێوان ئێران و سعودیە، لەو نێوەندەدا زیاتر لە جارێك گفتوگۆی ‏تاران – ڕیاز لە بەغداد بەڕێوەچوون و ئەگەری نزیكبوونەوەی زیاتری هەردوو وڵاتەكە ‏هەیە.‏

بۆیە نوێنەرانی یەكێتی – كورد لە پۆستی سەرۆكایەتیی كۆماردا، بەراورد بە دەسەڵاتە ‏دیاریكراوەكانی، ڕۆڵی سیاسی و دیپلۆماسیی گەورەیان بینیوە، هەم لە پەیوەندیی نێوان ‏هەرێم و بەغداد و هێشتنەوەی لە ئاستێكی ئارام و بێكێشمەكێشمدا، هەم ڕۆڵگێڕانێكی ‏عێراقییانە بۆ بەهێزتركردنی پێگەی عێراق لە ناوچەكە، ئەمە جگە لە ڕۆڵی ئاشتەوایی ‏نێوان پێكهاتە جیاوازەكان، سەرەڕای هەموو ئەو ئاڵنگارییانەی لە هەر یەكێك لە ‏لایەنەكاندا هاتووەتە بەردەم سەرۆك كۆمارەكان.‏

بابەتی پێشتر

ڕێبه‌ر ئه‌حمه‌د به‌ڵێنى ده‌ستگیركردنى بكوژانى ئه‌فسه‌ره‌كه‌ى پۆلیسی سلێمانى ده‌دات

بابەتی دواتر

غەسالەکانی سەر ڕووباری سیروان لادەبرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share