گۆڕانی ئاووهەوا هەڕەشە لە یەدەگی نەوتى عێراق و سعودیە و نایجیریا دەكات

كۆمپانیایه‌كى ڕاوێژكاریی تایبه‌ت به‌ مه‌ترسییه‌كانی سەر كەرتی وزە ڕایده‌گه‌یه‌نێت، سێ وڵات، كە عێراق ‏یەكێكیانە، به‌هۆی گۆڕانی ‏ئاووهەوا و به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانى گه‌رماوە هه‌ڕه‌شه‌ له‌سه‌ر یه‌ده‌گى نه‌وتیان هه‌یه‌.

كۆمپانیاى “ڤێریسك ماپلێكرۆفت” كه‌ كۆمپانیایه‌كى ڕاوێژكاریی تایبه‌ت به‌ مه‌ترسییه‌كانی سەر كەرتی وزەیه‌، ‏ڕایگه‌یاندووه‌، زیاتر له‌ 600 ملیار به‌رمیل نه‌وتى یه‌ده‌گ له‌ جیهاندا هه‌ن‌، 40%ی ئەو ‏نه‌وتەی توانای دەرهێنانی هەیە، ڕەنگە بەهۆی گۆڕانى ئاووهه‌واوە مەترسی لەسەر دروستببێت.

ڕوونیشیكردووەتەوە كە ئەو گۆڕانەی ئاووهەوا بریتییە لە به‌رزبوونه‌وه‌ى ‏شه‌پۆله‌كانى دەریا و زەریاكان و ڕەشەبا و لافاو و به‌رزبوونه‌وه‌ى زۆری پله‌كانى گه‌رما، كە كاردەكەنەسەر یەدەگی نەوت ‌بەتایبەت لە هەرسێ وڵاتى ‏سعودیه‌، عێراق و نایجیریا كە زۆرترین مه‌ترسی له‌سه‌ر یه‌ده‌گى نه‌وتیان هه‌یه‌‌.

ڕۆری كلیسپی، شرۆڤه‌كارى كاروبارى ژینگه‌ له‌ كۆمپانیای “ڤێریسك ماپلێكرۆفت” ‏ڕایگه‌یاندووه‌، دۆخەكە وایلێدێت كە ئەو ڕووداوانە بەشێوەیەكی توندتر چەند بارە ببنەوە. ئاشكرایدەكات كە ‏‏10%ی یەدەگی نەوت دەكەوێتە ئەو ناوچانەی زۆرترین مەترسییان لەسەرە، یەك لەسەر سێشی لە ناوچەكانی مەترسیی زۆر زیاتردایە.

توێژەرانی كۆمپانیاكە دەڵێن، سعودیە كە گه‌وره‌ترین ‏هەناردەكاری نه‌وته‌ له‌ جیهاندا، ‏كاریگه‌رییه‌كانى كەرتی نەوت لەسەری بریتین لە ‏بەرزبوونەوەی زۆری پله‌كانى گه‌رما، كه‌میى ئاو و خۆڵبارین و ئەوانەش ‏خاڵى ‏لاوازى ئه‌و وڵاتەن كە مەترسین لەسەر نەوتەكەی‌. ‏

مه‌ترسییه‌كانى سه‌ر نایجیریاش، كه‌ دووه‌م گه‌وره‌ترین به‌رهه‌مهێنه‌رى نه‌وته‌ له‌ ئه‌فریقا، ‏وشكبوونەوە و لافاون.

ڕاپۆرتی كۆمپانیای “ڤێریسك ماپلێكرۆفت” باس لەوە دەكات كە ئەو كۆمپانیایانەی یەدەگی نەوتیان لە ناوچەكانی گۆڕانی ئاووهەوادا هەن، ڕووبەڕووی ڕووداوی وێرانكەر دەبنەوە و ڕەنگە تێچووی دەرهێنانی نەوت هێندە بەرزببێتەوە كە ناچاریان بكات دەرهێنانی نەوت ڕابگرن.

بەپێی ڕاپۆرتەكە، مەترسیی ڕووداوەكان لە ناوچە زۆر هەستیارەكاندا زیاتر دەبن و بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوت ڕووبەڕووی دیاردەی توندی ئاووهەوا دەبنەوە، كە توانای بەرگەگرتنیان نابێت و بەو تایبەتمەندییە دروستنەكراون كە بەرگەی دۆخی لەو جۆرە بگرن.

بابەتی پێشتر

كرێی وانه‌بێژانى زانكۆ و په‌یمانگه‌كان دیارییكرا

بابەتی دواتر

پارتی دەروازەی پێشخاپووری بەڕووی ڕۆژئاوادا داخست

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share