بۆچی دوای بارینی یەکەم بارانی پایز مێرولەی باڵدار دەبینیت؟

هەموو ساڵێک دوای بارینی یەکەم بارانی پایز، سەدان مێرولەی باڵدار دێنەدەرەوە و دەبیندرێت، بەڵام ئەوەی پرسیارە بۆ خەڵکی بۆچی لەوکاتەدا ئەو مێرولانە دێنە دەرەوە؟

لە کوردەواریدا بۆچوونێکی باو هەیە کە دەڵێت، “کاتێک باران دەبارێت مێرولەکان باڵیان بۆ پەیدا دەبێت” یان بەشێوەی پەند کە دەڵێن “خودا غەزەبی لە مێرولە گرت باڵی بۆ پەیدا کرد”.

ئەوەی زانستی مێروناسی دەڵێت، لەم بۆچونانەوە دوورە و لە ڕاستیدا هۆکاری هاتنەدەرەوەی ئەو مێرولە باڵدارانە، تەنها جووتبوون و دروستکردنی لانە و ماڵێکی نوێیە.

ساڵانە لە چەند کاتێکدا مێرولەی “شازادە” یان “مەلیکە” لە کونەکانیان دێنە دەرەوە تا لەگەڵ یەکدی جوتببن، واتە لەناو مێرولە باڵدارەکاندا نێر و مێ هەیە و لەو کاتەدا دێنە دەرەوە تا پێکەوە جوت ببن.

مێرولەی باڵدارەکان شێداری زەوی و بەرزی ڕێژەی شێ وەک کاتێک دادەنێن بۆ هاتنە دەرەوە، دروستبوونی ئەو کەشە، سیگناڵێک دەبێت بۆ کۆی مێرووە شازادەکان تا بێنە دەرەوە و پێکەوە جوت ببن.

ئەو مێرولە باڵدارانە، بەشێکیان دوای جوتبونیان بەهۆی نەدۆزینەوەی شوێنی نوێ تیادەچن و دەمرن، بەشێکیشیان دەبنە نێچیری چۆلەکە و باڵدار و گیاندارەکانی دیکە و دەخورێن.

مێرولەی باڵدار بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر لەناو لانەی مێرولەکاندا ماوەتەوە و ئەزموونی کەمە لەگەڵ ژیانی دەرەوە، لەکاتی هاتنەدەرەوەدا وەک ئەوەی سڕبن دەردەکەون و ئاسان لەلایەن باڵدار و گیاندارەکانی دیکەوە دەکرێنە ئامانج.

بابەتی پێشتر

ئاتالانتا 2-2 لازیۆ

بابەتی دواتر

(ڤیدیۆ) بایرن و دۆرتمۆند بەردەوامن لە سەرکەوتنەکانیان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share