نزیكبوونەوەی بڕیارێكی دیكە نرخی لیرەی توركی بۆ كەمترین ئاست دابەزاند

لیرە بۆ كەمترین ئاست دابەزیووە

بەهای لیرەی توركی ماوەی چەندین هەفتەیە ڕووبەڕووی داڕمانی قورس دەبێتەوە، ئەمڕۆ گەیشتە ئاستێكی پێوانەیی دیكە و 14.7 لیرە بەرامبەر دۆلارێك، لەگەڵ نزیكبوونەوە لە بڕیارێكی بانكی ناوەندی دەربارەی ڕێژەی سوود.

لە 1ی كانونی دووەمی ڕابردووەوە كە ئەوكاتە بەهاكەی 7.43 لیرە بوو بەرامبەر دۆلارێك، دراوە توركییەكە زیاتر لە 49%ی بەهاكەی بەرامبەر دراوە سەوزەكە لەدەستداوە، لەنێویدا 30%ی تەنها لەمانگی تشرینی دووەمدا بووە.

لەگەڵ ئەوەی ڕێژەی هەڵاوسان لە تشرینی دووەمدا 21%ی لەسەر بنەمای ساڵانە تێپەڕاند، جارێكی دیكە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا بەرزكردنەوەی ڕێژەی سوود و هەمواری سیاسەتە داراییەكەی ڕەتكردەوە.

چاوەڕوان دەكرێت سبەی بانكی ناوەندیی توركیا بڕیارێك لەبارەی ڕێژەی سەرەكیی سوود ڕابگەیەنێت.

مانگی ڕابردوو بانكەكە جارێكی دیكە ڕێژەی 1%ی دابەزاند (لە 16 بۆ 15%) بۆ جاری سێیەم لەماوەی كەمتر لە دوو مانگدا، بە داوایەكی سەرۆكی وڵات، كە بەپێچەوانەی بیردۆزە ئابوورییە باوەكان، بەردەوام دووپاتیدەكاتەوە ڕێژەی بەرزی سوود دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخ.

ئەردۆغان، كە ئاستی جەماوەری بۆ كەمترین لەماوەی 19 ساڵی دەسەڵاتدارێتیدا دابەزیوە، گرەو لەسەر گەشەی ئابوری دەكات بەهەر نرخێك بێت بەر لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی كە بڕیارە لە ساڵی 2023 ئەنجامبدرێت.

بەڵام سەبارەت بە هاوڵاتییانی وڵاتەكەی داڕمانی دراو و بەرزبوونەوەی نرخ بوونەتە قورساییەك كە بەرگە ناگیرێن، لەكاتێكدا وڵاتەكە بەشێوەیەكی گەورە پشت بە هاوردە دەبەستێت بەتایبەت لە ماددە سەرەتاییەكان و وزەدا.

بابەتی پێشتر

پاریس: بەخێرایی لە "كۆتایی ڕێگا"ی ڕزگاركردنی ڕێككەوتنی ئەتۆمی نزیكدەبینەوە

بابەتی دواتر

یەكێتیی ئەوروپا ئامادەیە بۆ ڕێوشوێنی بێپێشینەی دژ بە ڕوسیا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
1
Share