ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش لە ڕاپۆرتێکدا، کە دوێنێ سێشەممە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کردووە، گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە دانیشتووانی سوریا لەڕێگەی سنوورەکانەوە بەبێ وەرگرتنی ڕەزامەندیی دیمەشق پێداویستییەکی گرنگی هەنووكەییە.
لە ڕاپۆرتێکدا کە ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی کردووە و ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، هاتووە، لەم قۆناغەدا کاروانی هاوکارییەکان بەشێوەیەکی ڕێکوپێک لە سنوورەکانی ئاڵۆزی و شەڕەوە ناگەنە دانیشتووانی سوریا، بۆیە پێویستە بەبێ ڕەزامەندیی دیمەشق ئەو هاوکارییانە لەڕێگەی سەرجەم سنوورەکانەوە بەسەلامەتی بگەیەنرێنە شوێنەکانی خۆیان.
گۆتیرێش لە ڕاپۆرتەکەیدا دەڵێت، ئەو هاوکارییانە ژیانی ملیۆنان هاوڵاتیی سوری لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ڕزگاردەکات.
بەردەوامیی گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە هاوڵاتییانی سوریا بەبێ ڕەزامەندیی دیمەشق کۆدەنگییەکی تەواوی لەسەرە لەناو نەتەوە یەکگرتووەکاندا، جگە لە ڕوسیا کە بەرهەڵستیی بڕیارەکە دەکات و جەختدەکاتەوە لەسەروەریی سوریا، وڵاتانی دیکە بەهۆکاری مرۆیی پاڵپشتیی بەردەوامیی بڕیارەکە دەکەن.
ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە مانگی تەمموزدا بڕیاری درێژکردنەوەی بڕیاری گەیاندنی هاوکاریی مرۆیی بە هاوڵاتییانی سوری دا بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە، ئێستا لە گفتوگۆی ئەوەدان لە دوای مانگی کانوونی دووەمەوە بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژی بکەنەوە.